وەزیری بەرگری عێراق: ئەگەر هەیە پەنا ببەین بۆ هەڵپەساردنی رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێران

وەزیری بەرگری عێراق ئاماژە بەوەدەکات کە ئەگەر هەیە پەنا ببەین بۆ هەڵپەساردنی رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێران، ئەوەی ئێران کردی زیان بە بەرژەوەندی و پەیوەندیی نێوان عێراق و ئێران دەگەیەنێت، و دەشڵێت" دەبوو ئێران بەرپرسانی عێراقی ئاگادار بکردایەوە لەبارەی ئەو زانیارییانەی بانگەشەی بۆ دەکات لە هێرشە مووشەکییەکەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان". 

سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا  رایگەیاند" رێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان عێراق و ئێران هەیە کە هێشتا مەرەکەبەکەی وشک نەبووە، دەبوو ئێران بەرپرسانی عێراقی ئاگادار بکردایەوە لەبارەی ئەو زانیارییانەی بانگەشەی بۆ دەکات لە هێرشە مووشەکییەکەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، تاوەکو لایەنی عێراقی مامەڵەی لەگەڵدا بکات"..
 
سابت عەباسی دەشڵیت " بەم شێوەیە دەبێت هەڵوەستە بکەین، کارتی گوشاری گەورەمان هەیە کارتی گوشاری سەربازی، سیاسیی و ئابووری، لەبەر ئەوەی ئەم پرسە مەترسییە بۆ سەر سەروەریی عێراق و رەتکراوەیەوە".
 
"ئەگەر هەیە پەنا ببەین بۆ هەڵپەساردنی رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێران، ئەوەی ئێران کردی زیان بە بەرژەوەندی و پەیوەندیی نێوان عێراق و ئێران دەگەیێنێت، دەبێت وڵاتانی دراوسێ ئەوە بزانن، کە عێراق بێ هێز نییە".( وەزیری بەرگریی عێراق وتی).
 
١٩ی ئاداری ٢٠٢٣، عێراق و ئێران رێککەوتنێکی ئەمنییان واژۆ کرد بۆ پاراستنی سنووری نێوانیان و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی هەواڵگری. لە چوارچێوەی رێککەوتنەکە پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چەک داماڵدران و لەسەر سنوورەکانی ئێرانیش دوورخرانەوە.
 
 



PM:06:34:17/01/2024