مەلا بەختیار، کوڕەکانی مام جەلال و خزمە نزیکەکانی لە رووداوی ١٦ ی ئۆکتۆبەردا تۆمەتبار دەکات

مەلا بەختیار بەپرسی پێشووتری دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کوڕەکانی مام جەلال و خزمە نزیکەکانی تۆمەتبار دەکات لە رووداوی ١٦ ی ئۆکتۆبەردا و دەڵێت" بەبێ ئاگاداری سەرکردایەتی یەکێتی رێککەوتنی نهێنیان کردووە".

لە چاوپێکەوتنێکی درێژدا کە ناڵی ئەلرەشید لەگەڵ مەلا بەختیار سازیکردووە لە چەند بڕگەیەکدا ئاماژە بۆ رووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر و دۆخی ئێستا ناوچەکانی سلێمانی دەکات. 
 
لەو چاوپێکەوتنەدا رۆژنامەنووسەکە لە مەلا بەختیار دەپرسێت، ئایا سلێمانی رادەستی لایەنی سیاسی لە بەغدا کراوە؟ مەلا بەختیار دەڵێت" ئێستا هەژموونی هێزی سیاسی بەغداد هەیە لەسەر سلێمانی، ئەو هەژموونە لەسەر سلێمانی زیاترە لە ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان".

هەروەها دەشڵێت " لە ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ ەوە دۆخی سلێمانی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووەو تا ئێستا بەردەوامە. لە کاتی داگیرکردنی کەرکوکەوە لە رێگای ئۆپراسیۆنی سەربازییەوە هاوکێشەی سیاسی لە کەرکوک و سلێمانی و هەڵەبجە بە شێوەیەک لە شێوەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، پەیوەندی و هاوئاهەنگی چارەنووسسازی نێوان ئەم ناوچانەو هێزەکان لە بەغدا زیاتر چالاکبووە".

لە بارەی رووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەرەوە مەلا بەختیار دەڵێت" کەرکوک داگیرکراوەو ئەم وەسفەش لە رووی سەربازیەوە توند نییە، چونکە دەستور هەیە و رێککەوتنی سیاسی هەیە و پەرلەمانی عێراق هەیە، هەروەها حکومەتی هاوبەش هەیە، دەستور رێگات نادات سوپاو حەشدی شەعبی بنێریتە سەر کەرکوک، لە ئەنجامیشدا ئەمە بە پێی رێکەوتنێکی نهێنی ئەمنی و سیاسی، سوپا بنێریت و کەرکوک داگیر بکەیت".

بێژەرەکە لە مەلا بەختیار دەپرسێت؛ ئایا ئەمە بەپێی رێککەوتن لەگەڵ چەند سەرکردایەتیەکی یەکێتیدا نەبووە؟ مەلا بەختیار وەڵامدەداتەوەو دەڵێت " نەخێر تەنها یەک ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیش بەشداری ئەو رێککەوتنەی نەکردووە، هەموو سەرکردە سیاسییەکانی یەکێتی ئامادەی ئەو رێککەوتنە نەبوون، بە تایبەتی کاک کۆسرەت رەسوڵ و من، ئەو رێککەوتنەمان رەتکردەوەو ئەو هەڵوێستەمان مەحکوم کرد".
رۆژنامەنووسەکە پرسیار دەکات؛ باشە کێ یارمەتیدان، بەو پێیەی یەکێتی باڵادەستبوو بەسەر کەرکوکدا؟

مەلا بەختیار دەڵێت" کوڕەکانی مام جەلال و خزمە نزیکەکانی".

ئەم چاوپێکەوتنە درێژەی مەلا بەختیار لە کەناڵی ئەلرەشید، رۆژی ١٨ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ سازکراوە.

بۆ بینینی ئەو دوو بەشەی چاوپێکەوتنەکە جۆینی تێلیگرامی سپی بکە کە چاوپێکەوتنەکە دوو بەشە..


PM:08:55:20/01/2024