بەڕێوەبەری تەندروستی کەرکووک: ١٢ کەس بەهۆی شکانی بۆڕی گازەکەوە ژەهراوی بوون

بەهۆی شکانی بۆڕیی گازەکەوە لە کەرکوک ١٢ کەسی خەڵکی ناوچەکە ژەهراوی بوون.

دکتۆر زیاد خەلەف، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کەرکوک، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند" بەهۆی لێچوونی گاز لە بۆڕییەکی شکاوەکەدا لە کەرکوک، ١٢ کەسی خەڵکی ناوچەکە ژەهراوی بوون و دۆخی تەندروستییان تێکچووە و بەپەلە گواستراونەتەوە بنکەی تەندروستی یایچی". 
 
دکتۆر خەلەف راشیگەیاند" پزیشکان چارەسەری خێرایان بۆ بەرکەوتووانی گازەکە کردووە و چارەسەریان پێداون و دوای نزیکەی چوار کاژێر لە چارەسەرکردنیان، دۆخی تەندروستییان باشە و گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان". 
 
ئەمڕۆ سێشەممە٢٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤، بۆرییەکی گواستنەوەی غاز شکا کە بە گوندی قزلیاری سنوری ناحیەی یایچی سەر بە پارێزگای کەرکووکدا تێپەڕ دەبێت، و هۆکاری شکاندنەکەی کارکردنی شۆفڵ بووە.



AM:12:03:24/01/2024