بەهۆی بەفربارینەوە لە ناوچەیەکی هەرێم پشوو ڕاگەیەنرا

شەپۆلێکی بەفربارین زۆربەی ناوچەکانی سنووری شارۆچکەی ئامێدیی لە سنووری پارێزگای دهۆک گرتووەتەوە، بەهۆیەوە پشوو ڕاگەیەنرا.

بە هۆی زۆری بەفربارینەوە لە ئامێدی پشوو ڕاگەیەنرا، یاریدەدەری ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی ئامێدی ڕایگەیاند" بەهۆی بەفربارینەوە و بۆ سەلامەتیی خوێندکار و فەرمانبەران ئەمڕۆ لە کۆلێژەکەمان پشووە و سبەی دەوامی فەرمی دەبێت".

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی دهۆک، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، زۆرترین بەفر لە ناحیەی کانی ماسێی قەزای ئامێدی باریوە، زۆرترین ڕێژەی بارانبارینیش لە شارەدێی دینارتەی سەر بە شارۆچکەی ئاکرێ باریوە کە ٨٦ ملم بووە.

لە دەروازەی سەرزێڕی نێودەوڵەتی ٤٨ سانتیمەتر بەفر باریوە، ڕێگای دهۆک- ئامێدی و سەرسنگ- کانی ماسێ کراوەن، تەنها ڕێگای نێوان کانی ماسێ و سەرزێڕ ماوە بکرێتەوە، لە ئێستادا تیمەکان سەرقاڵی پاککردنەوەی ڕێگاکانن.



AM:11:40:27/01/2024