وتەبێژی حکومەتی عێراق: كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانان یەكێكە لە بڕگەكانی كارنامەی ئەم حكومەتە

وتەبێژی حكومەتی عێراق ئاشكرای دەكات، محەمەد شیاع سودانی بەڵێنی داوە لەگەڵ كۆتاییهاتنی كابینەكەی، ئەركی هاوپەیمانان لە عێراق كۆتایی بێت و دەشڵێت" ئەم هاوپەیمانییە ناتوانێت تا کاتێکی نادیار بمێنێتەوە".

باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق ئەمڕۆ یەك شەممە بە ئاژانسی( العراقیە)ی  ڕایگەیاند" كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی یەكێكە لە بڕگەكانی كارنامەی ئەم حكومەتە و كۆتاییهاتنی ئەو ئەركەش لە یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای سەربازی بە سەرۆكایەتیی سەرۆك وەزیران دەستی پێكرد".

ڕاشیگەیاند" محەمەد شیاع سودانی بەڵێنی داوە، كە لەگەڵ كۆتاییهاتنی تەمەنی كابینەكەی، ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش كۆتایی بێت و ئەوەش بەدی دەهێندرێت".

" كاتی ئەوە هاتووە دەست بكرێت بە تاوتوێكردنی ئایندەی كاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و دانانی نەخشە ڕێگەیەك بۆ ئەوەی هەنگاو بنرێت بەرەو قۆناغێكی نوێ لە هاریكاری دوو قۆڵی نێوان ئەمریكا و عێراق".( وتەبێژەکەی حکومەتی عێراق وتی).

عەوادی ئاماژەی بەوەشدا، حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ەوە دانیان بە بوونی هێزی شەڕكەردا نەنانەوە لە خاكی عێراقدا، بەڵكو وەك ڕاوێژكار مامەڵەیان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كردووە.

وتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت" دوای ساڵانێک لە ئازادكردنی عێراق، ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێویستی بە گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە هەیە لە ڕووی ئەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێشکەشی کردووە لەسەر ئاستی لێکۆڵینەوە لە هەڕەشە و مەترسییەکان و پەرەپێدانی تواناکانی شەڕ و ڕاهێنان و هەواڵگری و چەکسازیی هێزە عێراقییەکان تاوەكو ئەرکی نیشتمانی خۆیان بۆ پاراستنی خاکی عێراق جێبەجێ بکەن".

جەختیشی كردەوە" ئەم هاوپەیمانییە ناتوانێت تا کاتێکی نادیار بمێنێتەوە و بەشێک لە گەیشتن بە کۆتایی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان بریتییە لە نەهێشتنی هیچ هێزێک لەسەر خاکی عێراق و هەنگاونان بۆ قۆناغێکی نوێی هاوکاری سەربازی و ئەمنی".

شەممە، سودانی سەرۆكایەتی یەكەمین كۆبوونەوەی دووقۆڵی نێوان عێراق و ئەمریكای كرد بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، تەمەنی ئەم كابینەیەی حكومەت لەگەڵ كۆتاییهاتنی تەمەنی پەرلەمان كۆتایی دێت، كە لە تشرینی یەكەم (١١)ی ٢٠٢٥ دەبێت.



PM:03:04:29/01/2024