سبەی دادگای فیدراڵی شێوازی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلایی دەکاتەوە


سبەینێ یەک شەممە ٤ ی شوبات دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوا دانیشتنی خۆی لەسەر دوو سکاڵای تایبەت بە یاسای پەرلەمانی کوردستان سازدەکات.

دانیشتنی یەک شەممە بۆ بڕیاردان لەسەر دوو سکاڵا لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢هەموارکراو کۆدەبێتەوە.

ناوەرۆکی ئەو سکاڵایە شێوازی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکانە، سبەینێ دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو دۆسیەیە دەدات.
رۆژی ٢١ی کانووی دووەمی ٢٠٢٣ دادگای فیدراڵیی عێراق تایبەت بە یاسای هەڵبژاردن کۆبوەوە، بەڵام بڕیاردان لەسەر ئەو دۆسیەی دواخست بۆ رۆژی ٤ ی شوباتی ٢٠٢٤.

ئەو دوو سکاڵایەی بەیانی دادگا بڕیاری لەسەر دەدات،  سکاڵای یەکەم ژمارە ٨٣ـی فیدراڵی ٢٠٢٣ یە، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستانەوە تۆمارکراوە.

سکاڵاکە لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (خولی پێنجەم)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، تۆمارکراوە، تێیدا سکاڵاکار داوای نادەستووریبوونی مادەکانی(١،٩،١٥،٢٢، ٣٦)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کردووە 
سکاڵای دووەم ژمارە ١٣١/فیدراڵی/٢٠٢٣ی هەیە و لەلایەن ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیەوە تۆمارکراوە.

سکاڵاکە لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (خولی پێنجەم) کراوە و تێیدا داوا دەکات مادەی ٣٦ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ـی هەموارکراو بە نادەستووری بزانێت. 

یەکێتی و پارتی لەسەر کورسی کۆتاکان کێشەیان هەیە و رایان جیاوازە، هەرچی یەکێتییە لەگەڵ دابەشکردنی کورسی کۆتاکاندایە، هەرچی پارتیشە دەیەوێت وەک خۆی بمێنێتەوە.



PM:09:31:03/02/2024