پارتی و یەکێتی لەسەر کەرکوک‌و پاراستنی قەوارەی هەرێم رێککەوتن

بەپێی راگەیاندنی کۆبوونەوەی دەباشانی نێوان یەکێتی و پارتی کە ئەمڕۆ یەک شەممە سازکرا، هەردوولا لەسەر کەرکوک و پاراستنی قەوارەی هەرێم رێککەوتن.

لە راگەیاندراوێکی هاوبەشی هەردوولادا کە دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەک شەممە ٤ ی شوبات بڵاوکرایەوە، هاتووە" هەردوولا کۆک بووین لەم قۆناغەدا لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیانی پارێزگای کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە پارێزگارێکی کورد دیاری بکرێت بۆ خزمەتی خەڵکی شارو شارۆچکەکان .

لەبارەی ئەو هەڕەشانەی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستانە، پارتی و یەکێتی بەپێی راگەیاندنەکەیان، رێککەوتوون" هەردوولا هاوڕابووین ئەرکی سەرشانی یەکێتی و پارتی و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانە قەوارەی هەرێم  بپارێزن و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و خەبات و خوێنی شەهیدانی کوردستان بکەین".

کۆبوونەوەکە کە لە دەباشان لە سلێمانی سازکرا، یەکەم کۆبوونەوەی باڵایە لە نێوان پارتی و یەکێتی لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق. 


دەقی راگەیێندراوەکە: 
 
راگەیاندراوی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
 
کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان بەڕێوەچوو .
 
کۆبوونەوە دوای هەڵسەنگاندن و گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری  هەرێم و کێشەچارەسەر نەکراوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بە گشتی و بودجە و بژێوی ژیان و موچەی فەرمانبەران بە تایبەتی، لەلایەک و هەڵبژاردنەکانی  ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەکی دیکەوە، دوای بیروڕا گۆڕینەوە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانیی هاوڕابووین لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە :
١ - هەردوولا کۆک بووین لەم قۆناغەدا لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیانی پارێزگای کەرکوک
بە هەموو پێکهاتەکانیەوە پارێزگارێکی کورد دیاری بکرێت بۆ خزمەتی خەڵکی شارو شارۆچکەکان .
٢ - هەردوولا هاوڕابووین ئەرکی سەرشانی یەکێتی و پارتی و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانە قەوارەی هەرێم  بپارێزن و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و خەبات و خوێنی شەهیدانی کوردستان بکەین .
٣ - بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لەئاستێکی باڵا هەردوولا پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بەگشتی و بژیوی و ژیان و خزمەتگوزاری و بودجە و مووچە بدەین بە تایبەتی.
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پارتی دیموکراتی کوردستان



PM:02:22:04/02/2024