دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بۆ هەفتەیەک دواخست

 
دانیشتنی دادگای فیدراڵی لە بارەی سكاڵایەكی یەكێتی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بۆ هەفتەیەكی دیكە دواخست و رۆژی ١١ ی شوبات بڕیاری لەسەر دەدات.
 
هەرچەندە هەموو لایەنەکانی کێشەکە پێشبینیان دەکرد ئەمڕۆ یەك شەممە، دادگای فیدراڵی عیراق بڕیار لەسەر پێنج ماددە لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بدرێت، بەڵام دانیشتنەكە بۆ ١١ ی شوباتی ٢٠٢٤ دواخرا.

ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتریش چەند جارێكی دیكە دانیشتنەكەی دادگای فیدراڵی بۆ تاوتوێكردنی سكاڵایەكی یەكێتی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان دواخراوە.

سكاڵاكە لەلایەن زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەسەر ماددەكانی (١، ٩ ، ١٥، ٢٢، ٣٦ )ی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە، هەروەها یەكێتی لەرێگەی ئەم سكاڵایەوە دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی ٢٥ی شوباتی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، كار بە یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عیراق بكرێت، كە ساڵی ١٩٩٢ لەلایەن بەرەی كوردستانییەوە دەركراوە.

لەبارەی دابەشکردنی کورسی کۆتاکانەوە ناکۆکی لە نێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە، هەرچی یەکێتییە دەیەوێت ١١کورسی کۆتاکان دابەشبکرێن بەسەر پارێزگاکاندا، بەڵام پارتی دەیەوێت بەم شێوە کۆنەی بمێنێتەوە.



PM:03:13:04/02/2024