مەزڵوم کوبانێ: ئەمەریکا دەمێنێتەوە


فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە ) رایدەگەیەنێت " ئەمەریکا دڵنیایی پێداوێن  سەربازەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان لە ئەرکەکەیان بەردەوام دەبن". مەزڵوم کوبانێ جەخت دەکاتەوە کە ئەمەریکا دەمێنێتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز کە ئەمڕۆ پێنج شەممە سازکرابوو، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە دەڵێت" دڵنیاییمان لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کۆشکی سپی و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا وەرگرتووە کە سەربازانیان لە رۆژئاوای کوردستان لە ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن."

هاوکات لەگەڵ ئەم قسانەدا فەرماندەی هەسەدە دەشڵێت"  لە داهاتوودا ئەگەری کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا دەبێت و ئەوان بۆ "تا هەتایە لێرە (رۆژئاوای کوردستان) نامێننەوە."
 
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر سەربازانی ئەمریکا رۆژئاوای کوردستان جێبهێڵن، ئەو مەترسییانەی هێزەکانیان رووبەڕووی دەبنەوە کە لەلایەن هەریەک لە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، داعش و تورکیاوە دەکرێنە سەریان چەند هێندە دەبن".

عەبدی زیاتر لەبارەی ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دوا و دەڵێت "ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا بکشێنەوە، ئەوا پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی پلانی دیکە، بەجۆرێک لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی هاونیشتمانیان و ناوچەکە بگونجێت." 
  
کوبانێ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هێزەکانیان پێویستیان بە هاوکاری تەکنیکی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەبێت.

هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دۆخێکی زۆر قورسدا بەرگری لە ناوچەکانیان دەکەن، لە کاتێکدا لەلایەن رژێمی ئەسەد و تورکیا و داعش و گرووپەکانی سەر بە تورکیا وئێران دژایەتی دەکرێن.



AM:01:05:09/02/2024