" ئامانجی سەردانەکەی وەزیری بەرگری تورکیا بۆ بەغداو هەولێر، پە-کە-کە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە "


هێڵی ئەنقەرە-بەغدا-هەولێر لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا جموجۆڵی چڕوپڕی بەخۆیەوە بینیوە لە بەرەنگاربوونەوەی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و پچڕاندنی پشتیوانی لەو حزبەو، سەپاندنی ڕێوشوێنی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی عێراق لەگەڵ تورکیا و سوریا و رێوشوێنی توندتر بەرامبەر سلێمانی.

سەرچاوە تورکییەکان بۆ رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەتیان ئاشکرایان کردووە کە سەردانی وەفدی تورکی رۆژی سێ شەممە و چوار شەممە رابردوو کە پێکهاتبوون لە یاشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا بەیاوەری مەتین گۆرەک، سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر، پەیامێکی ڕوونیان سەبارەت بە پێداگری لەسەر نەهێشتنی هەڕەشەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پێبووە، وەفدی تورکی جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە پەکەکە هەر مەترسی بۆ سەر تورکیا دروست ناکات، بەڵکو مەترسیشە بۆ سەر عێراق و، ئەنقەرە ئامادەیە بۆ نەهێشتنی ئەم هەڕەشانە پشتیوانی پێشەکەش عێراق بکات. 

سەرچاوەکان باسیان لەوە کرد، وەزیری بەرگری تورکیا، لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ محمد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەبدولەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، سابت ئەلعەباسی، وەزیری بەرگری و بەرپرسانی کوردستانی عێراق، سێ داواکاریی تایبەتی خستۆتەڕوو، کە بریتین لەوەی حکومەتی ناوەندی عێراق کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی و ناوچە سنورییەکاندا بسەپێنێت بە سنوری سوریاشەوە، هەروەها هەنگاوی کۆنکرێتی بهاوێژرێت بۆ وەستاندنی چالاکیەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان”، و ڕێگریکردن لە پاڵپشتی پێشکەشکردنیان لەلایەن  "یەکێتی نیشتمانی کوردستان” بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی.( سەرچاوەکە بە رۆژنامەی شەرق ئەوسەتی راگەیاندووە).

زنجیرە کۆبوونەوە دیپلۆماسی و ئەمنییەکان بە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی هەردوو وڵات تورکیاو عێراق لە ئەنقەرە لە ١٩ی کانوونی دووەم دەستی پێکرد، دواتر سەردانی ئیبراهیم کالین بەرپرسی هەواڵگری تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر لە ڕۆژانی ٢٣ و ٢٨ کانوونی دووەم، پاشان سەردانی وەزیری بەرگری، بە یاوەری سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی رابردوو.

لەم دیدارانەدا ئەنقەرە جەختی لەوە کردەوە کە "هاوکاریی کۆنکرێتی زیاتری دەوێت لە بەغداو هەولێر دژی تیرۆر” هۆشداریشیدا لەوەی کە ڕەنگە ناچار بێت ڕێوشوێنی زیاتر لەدژی سلێمانی بگرێتەبەر، دوای ڕاگرتنی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی تورکیا، هەنگاوی تر دژی سلێمانی بگرێتەبەر. 

ئەنقەرە لەم دواییانەدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە هاوکاریکردنی  بەغدا و هەولێر و تێگەیشتنیان لەو ڕاستییەی کە پەکەکە مەترسی لەسەر عێراقیش دروست دەکات، بەڵام شاری سلێمانی وەک " مەڵبەندی بارگژی" دەبینێت و، تورکیا تۆمەتی پاڵپشتی دەخاتە پەنا یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە کۆمەکی پەکەکە دەکات.

رۆژنامەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تورکیا دوای ئەوە دەستی بەم جموجوڵە سیاسی و پلانە کرد، کاتێك پارتی کرێکارانی کوردستان هێرشی بۆ سەر هێزەکانی تورکیا کە بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنی "چنگ-قفڵ" لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەستپێکرد، ئەوەش تەنها ٤ ڕۆژ دوای کۆبوونەوەی ئەنقەرەی نێوان عێراق و تورکیا بوو، لەو هێرشانە کە بووە هۆی کوژرانی ٩ سەربازو، لە هێرشی دووەمیشدا لە ٢٣ی کانوونی دووەم سازکرا کە ١٢ سەربازی تورکیای تێدا کوژران.



PM:07:56:09/02/2024