"لە ماوەی ساڵێکدا تورکیا و ئێران ١٦٤٩ جار خاکی کوردستانیان بۆردومان کردوە"

بەرپرسی دیکسی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی ڕایدەگەیەنێت" لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا (١٦٤٩) جار، تورکیا و ئێران بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک خاکی هەرێمی کوردستانیان بۆردومانکردووە". 

کامەران عوسمان بەر پرسی دیکسی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی، لە چاوپێکەوتنێکدا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" ساڵی ڕابردوو تورکیا (١٥٤٨) جار بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردوە، بە جۆرێک زۆرینەی بۆردومانەکان لە ڕێگای فڕۆکەی جەنگیەوە بووە کە ژمارەیان (١١٥٩) هێرش بووە، هەروەها (٢٢٨) جاریش بۆردومانەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە، ئەوانی دیکەی بە هەلیکۆپتەر و تۆپباران و تەقەکردنەوە بووە، وڵاتی ئێرانیش (١٠١) جار بۆردومانی خاکی هەرێمی کوردستانی کردووە". 

کامەران عوسمان ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەنجامی بۆردومانەکان لە ساڵی (٢٠٢٣)دا (١١) هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و (١٣)ی دیکەش برینداربوون و (١٦١) گوندی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەمان ساڵ بە تەواوی چۆڵکراوە، بەهۆی مەترسی بۆردومانەوە و زیاد لە (٦٠٠) گوندی دیکەش مەترسی چۆڵبونیان لەسەرە. 

لای خۆشیەوە کامەران حەسەن قایمقامی قەزای ماوەت لە ناوچەی شارباژێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" بۆردومانەکانی ئەمداوییە بە فڕۆکەی جەنگی کراوە واتا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نەکراوە، لە سنوری ئێمە گوندەکانی گەڵاڵە و سەفرە و قامیش مەترسی بەردەوام لەسەر ژیانی دانیشتوانەکەیەتی، هەر هەفتەی پێشوو ماڵی هاوڵاتیەکی مەدەنی کرایە ئامانج، ئەمەش پێشهاتێکی مەترسیدارە". 

بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، پشکی شێر لە بۆردمانەکان بەر پارێزگای هەولێر کەوتووە، چونکە لە کۆی (١٦٤٩) بۆردومانی خاکی کوردستان، (٥٧٥) بۆردومانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی سنوری هەولێر بووە، لە دوای ئەوەش پارێزگای دهۆک بە پلەی دووەم کە (٥١٧) جار بۆردومانکراوە و سلێمانیش (٤٢٠) جار هێرشیکراوەتە سەر و دواتر پارێزگای نەینەوا بە دیاریکراوی شەنگال و گوندی خازلیەش (٣٦) جار بۆردومانکراوە.


PM:02:00:10/02/2024