کۆڵبەرێکی گەنج بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا

کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی بانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە کرایە ئامانج و کوژرا.

ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" درەنگانی شەوی یەکشەممە کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٠ ساڵی خەڵکی بانە بە ناوی سەیوان سەحیحی لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری سارداوی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا''.

ڕوونیشیکردەوە کە سەیوان سەحیحی خەڵکی گوندی (بلەکە) بووە و تەرمەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی شاری بانە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٢٢ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و ١١٦ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.


AM:11:28:12/02/2024