لە ماوەی دوو مانگدا پارێزگاری سلێمانی دەگۆڕدرێت

لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ١١ی ئەم مانگەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا، یەکێتی داوای پۆستی پارێزگاری سلێمانی کردووەتەوە.  

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە، لە کۆبوونەوەی دوێنێی بزوتنەوەی گۆران و یەکێتی جگە لە تاوتوێکردنی پرسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و دۆخی هەرێم و ناوچەکە بەگشتی، باس لە وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی کراوە. 

بەپێی زانیارییەکانی (سپی)،  یەکێتی ماوەیەکی کەمی دیاریکردووە کە تێناپەڕێت لە مانگی سێی ئەمساڵ پۆستی پارێزگاری سلێمانی کە لە ئێستادا د. هەڤاڵ ئەبوبەکر لە لیستی بزوتنەوەی گۆڕان پارێزگاری سلێمانییە ڕادەستی یەکێتی بکاتەوە. 

ماڵپەڕی (سپی) زانیویەتی کە کاندیدی ناو یەکێتی بەهێز بێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ئاوات محەمەد قایمقامی ئێستای ناوەندی پارێزگای سلێمانییە، بەڵام تائێستاش ئەو پرسە بە تەواوی بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە. 

ڕۆژی ٣٠ی نیسانی ٢٠١٤ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو کە ھەڤاڵ ئەبوبەکر کاندیدی گۆڕان بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی. 

دوای ڕێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان لەبارەی پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی ڕۆژی ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ ھەڤاڵ ئەبوبەکر وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ھەڵبژێردرا. 

هەروەها یەکێتی و پارتی ڕێککەوتن دوو ساڵی یەکەم ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی بێت و دوو ساڵی کۆتایش هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگار بێت، بەڵام بەو پێیەی هەڵبژاردن نەکرا و دواخرا ئەو چەند ساڵە هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانییە.


PM:11:21:12/02/2024