سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی دادگای پێداچوونەوە پرسی هەڵبژاردنی کوردستانیان تاوتوێ کرد

پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ ‌سێشه‌ممه‌ ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان،( ماوە بۆ درێژکراوە) له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و جێگران و ئه‌ندامانی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كۆبووەوە‌ و پرسی هەلبژاردنی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وەزیری دادی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، پرسی دواكه‌وتنی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕالیی عێراق سه‌باره‌ت به‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ڕه‌هه‌نده‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كان و ئەگەر و لێكەوتەكانی، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.

نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه،‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌موو ڕێكارێكی ده‌ستووری و یاسایی ده‌گرنه‌به‌ر بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، لەمبارەیەشەوە ڕا و سەرنجی به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌ به‌هه‌ند و جێی بایه‌خ وه‌رده‌گیرێت و كاری جددیان له‌سه‌ر ده‌كرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومی فەرمی دوو جار وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دیاری كردبوو، بەڵام ئەنجام نەدرا و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند" كە بەهۆی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقەوە، كە لە ١٨-١٢-٢٠٢٣ ئەنجام درا، ناتوانرێت هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت، چونكە پێویستیان بە ٦ مانگە بۆ ئامادەكاری''.

دواكەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆتە جێگەی ناڕەزایی ناوخۆیی و ناوەندە جیهانییەكان و بەرپرسێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشتر ڕایگەیاندبوو، بڕیارە لەنێوان ١٩ بۆ ٣٠ی ئایاری ئەم ساڵ ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت.


PM:07:07:13/02/2024