بارزانی: مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ئەرکی پەرلەمان نییە


سەرۆک پارتی مەسعود بارزانی لە دیدارێکدا لەگەڵ باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق بە وەکالەت رایگەیاند " ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانان، ئەركی پەرلەمان نییە".

رۆژی چوارشەممە ١٤ شوبات لە هاوینەهەواری سەڵاحەددین، مەسعود بارزانی پێشوازی لە دەیڤید برگەر، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق بە وەكالەت و شاندێكی یاوەری كرد.

لە راگەیاندنێكدا کە میدیاکانی پارتی بڵاویکردۆتەوە، لە بارەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، بارزانی وتوویەتی" ئەم بابەتە پرسێكی نیشتیمانییە و پەیوەست نییە تەنیا بە پێكهاتەیەكی دیاریكراو و دەبێ ئەم بابەتە لە لایەن حكومەتی عێراقەوە و لە ڕێگەی وەزارەت و دامەزراوە فەرمییەكان بە گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانان بگەنە ڕێككەوتن و ئەنجام".

هەروەها هاتووە" دەبێ هەموو پێكهاتەكانی عێراقیش ئەو ڕاستییە بزانن كە هێشتا هەڕەشەی تیرۆر و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی هەر بەرقەرارەو، پێویستە هەموو لایەك پشتیوانی پڕۆسەی دیالۆگ و ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانان بن". 

هەر لەو دیدارەدا پەیوەست بە بارودۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە هەموو لایەك پابەندی ئەو دەستوورە بن كە گەلانی عێراق دەنگیان پێ داوە و قەوارەی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی بپارێزرێن و دەڵێت" ناشبێ بەشێوەیەكی نادەستووری دەست لە پڕۆسەی یاسادانانی هەرێم بكرێت. هەروەك لە دەستووریشدا بەڕوونی هاتووە لە دۆخی بوونی جیاوازی لەنێوان یاساكانی هەرێم و یاساكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەبوو ئەوە ئەولەوییەت بۆ یاساكانی هەرێم دەبێت".

لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانەوە کە بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە  خوازیاری ئەوەن پێكهاتەی سووننە بە لێكتێگەیشتن لەنێوان خۆیاندا لەسەر كاندیدێك رێك بكەون و هەموو لایەكیش هاوكار بن بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.



PM:05:14:14/02/2024