بەڕێوەبەرایەتی ئاوی قەزای كۆیە هاوڵاتییانی سنوورەکە ئاگادار دەکاتەوە كە بەهۆی ئەو شەپۆلی باران بارینەی هەرێمی گرتووەتەوە، بۆری هێڵی سەرەكی گواستنەوەی ئاوی قەزاکە لە كار كەوتووە و بۆته هۆی ڕاگرتنى ئاوى سنوورەکە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی قەزای کۆیە، ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٤ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێییدا هاتووە" بەهۆی ئەو شەپۆلە ناسەقامگیرەی کەشوهەوا کە رووی لە ناوچەکە کردووە ئاستی دابارین زیاتر بووە بە تایبەت بەشێوەی بەخوڕ کە بووەتە هۆی رۆچوونی بەشێک لە بۆری پرۆژەی ئاوی بۆگد – کۆیە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی شکانی ئەو بۆرییەدا کە هێڵی سەرەکی گواستنەوەی ئاو بووە بۆ سەنتەری کۆیە و بەشێک لە گەڕەکەکانی تریش دابەشکردنی ئاو بۆ ئەمڕۆ وەستێنراوە و تا دوای چاککردنەوەی بۆرییەکە دەست بە دابەشکردنی ئاو ناکرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا سەرجەم تیمەكانی چاكسازی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی كۆیە لە ئامادەباشیدان، هەرچی زووە لێكترازانی بۆریەكان چاکدەکەنەوە و ئاو دەگەیەنرێتەوە بۆ دانیشتوانی شاری کۆیە.