حکومەتی هەرێم داوا لە عێراق دەکات پەیوەندی کۆڕەک لەگەڵ کۆمپانیاکانی تر گرێبداتەوە

وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێم داوا لە حکومەتی بەغدا دەکات پەیوەندی کۆڕەک تیلیکۆم و ئاسیا و زەین عێراق ببەستێتەوە، بەپێی داواکەی حکومەت هاوڵاتی زەرەری کردووە.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ‎حكومەتی هەرێمی كوردستان نوسراوێكی فەرمی ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی فیدڕاڵ کردووە، سەبارەت بە سكاڵای هاوڵاتیان دەربارەی ئەو زیانەی پێیان گەیشتووە لە بڕیاری پچڕاندنی هێلی پەیوەندی لەنێوان كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم و كۆمپانیاكانی(زەین عیراق -ئاسیا سێڵ ) كە لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی وەستێنراوە.

‎ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم بڕیارەی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عیراق بە " نادادپەروەرانە لە قەڵەم دەدات"و، داوادەكات  پەیوەندیەكان بگەڕێندرێنەوە باری ئاسایی خۆیان تاكو ئەم كێشەیە چارەسەر دەكرێت لە چوارچێوەی گفتوگۆ بەپێی یاسا و بڕیاری كۆتایی دادگاكان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و عیراق كە ژمارەی هاوبەشەكان بە ملیۆنەها بەشدرابوو دەخەمڵێندرێت .

‎لە مانگی ئابی یەکەمی ٢٠٢٣ بەهۆی سکاڵای دەستەی پەیوەندیەکان و راگەیاندنی عێراق کۆرەکە تیلیکۆم سزا درا، بەمەش پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئاسیا سێڵ و زەین راگیراو پەیوەندیەکانی بەدەرەوەی وڵاتیشەوە لە کاتەوە راگیراوە. 



AM:12:29:17/02/2024