یەکەم لێدوانی گوهدار زێباری لەبارە حوکمڕانی هەرێمەوە

دوای سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن، گوهدار زێباری لە لێدوانێکی کورتدا رایگەیاند" عەقڵیەتێکی تاکڕەوی، توندڕەوی، خۆپەرست حوكمڕانی هەرێم دەکات".

لە کاتی پێشوازیکردن کەسوکاری لە گوهدار زێباری کە یەکێکە لە گیراوەکانی بادینان و ئەمرۆ شەممە ١٧ ی شوبات ٢٠٢٤ دوای تەواوکردنی حوکمەکەی ئازاد کرا، وتی " ئەو رووداوانەی روودەدات لە هەرێمی کوردستان رەنگدانەوەی حەقیقەتی عەقڵیەتێکی تاكڕەوی، توندڕەوی، خۆپەرستی، کۆنەپەرستی، لەسەر کۆمەڵێک جەستەی حەرام خۆری دواکەووتووە".

لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی " ئەمانە چێژ لە فرمیسکی دایک باوکمان دەبینن، ئەمانە چێژ لە سیخوڕی و تۆقاندن و زیندان و ئەشکەنجەدان و خوێن دەبینن، ئەمانە چێژ لە برسیکردن و گیرفان بڕی و تاڵانی و باج و سەرانە دەبینن".

گوهدار زێباری لە کۆتایی قسەکانیدا وتی " لە حەقیقەتدا میللەتی کورد شایستە ئەم حکومڕانییە نییە، ئێمە میللەتێکی ماندووین و ستەمدیدەین، ئەمانە بەنان و ماستی دایکەکانمان گەیشتنە ئەم ئاستە، ئەمانە بەداخەوە نمەک حەرام بوون".

گوهدار زێباری و چوار چالاكوان و رۆژنامەنوسی تری بادینان لە ١٦ـی شوباتی ٢٠٢١ بە تۆمەتی "سیخوڕی و هەوڵدان بۆ كودەتاو ئاژاوەگێڕی" لەلایەن دادگای تاوانه‌كانی هەولێر بە شەش ساڵ زیندانیكردن حوكمدران.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان دواتر سزای ئەو چالاكوان و رۆژنامەنوسانەی بەڕێژەی لەسەدا ٦٠ كەمكردەوە جگە لە شێروان شێروانی كە سزاكەی بەڕێژەی لەسەدا ٥٠ كەمكرایەوە.

ڕۆژنامەنووس گوهدار زێباری دەبو لە ١٦ی مانگی ئاداری ٢٠٢٣ ئازاد بکرایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو کات دۆسییەکی دیکەی لە دادگای کەتنی هەولێر بۆ کرایەوە، بە تۆمەتی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی، پێنج مانگی دیکە سزای بەسەردا سەپێندرا.

بۆ جاری سێیەمیش ئەو رۆژنامەنوسە بە شەش مانگ زیندانیكردن لە ١٠ـی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٣ حەكمدرا، ئەوەش دوای تۆمەتباركردنی بە هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت.





PM:07:40:17/02/2024