رۆژنامەی شەرقولئەوسەت رایگەیاندووە" پێدەچێت بە هۆی ناکۆکییەکانی یەکیتی و پارتی، هەروەها یەکگرتنی خواستی عێراق و تورکیا و ئێرانەوە پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە دەستی عەرەبدا بمێنێتەوە".
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە" پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە دەستی عەرەبدا دەمێنێتەوە و یەکێک لە هۆکارەکانیشی بۆ ناکۆکییە گەورەکانی نێوان یەکێتی و پارتی گەڕاندەوە، ئەمە جگە لەو پشتیوانییەی لە بەغداوە لە مانەوەی پۆستی پارێزگار لای عەرەب دەکرێت".
بڵاویشیکردووەتەوە" سەرچاوەکە لەو بڕوایەشدابوو کە هاوکێشەکە بە هۆی تورکیا و ئێرانەوە بەلای عەرەبدا پارسەنگە و ئەو دوو وڵاتەش لە ترسی پەلهاویشتنی زیاتری کورد دەیانەوێت پۆستی پارێزگار بدرێتە کەسێکی عەرەب".
لە کۆی ١٦ کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، یەكیتی و پارتی بە کۆتای مەسیحییەکانەوە خاوەنی هەشت کورسین و نیوەکەی دیکەش بە دەست عەرەب و تورکمانەوەیە، بۆ بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەش پێویستە نۆ ئەندام ئامادە بن، بەڵام تا ئێستا ئەوە نەکراوە.
ڕەوەند مەلا مەحمود، لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی بەرپرسیارێتی کۆنەبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەخاتە ئەستۆی نوێنەرانی عەرەب و تورکمان و باس لەوە دەکات کە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی و کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەیان ئاڵۆز کردووە.
وتیشی" عەرەب و تورکمان دەیانەوێت ئامادەی دانوستانەکانی دابەشکردنی پۆستەکان نەبن، ئەمەش بابەتەکەی ئاڵۆز کردووە و کێشەکەش چارەسەر ناکات".
هەمان سیناریۆی پەكخستنی دانیشتنی یەكەم لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالەش لە ئارادایە، كە لایەنە سیاسیەكان شكستیانهێناوە لە گەیشتن بە لێكتێگەیشتن لەبارەی پۆستی پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگار.