عەلی حەمەساڵح: نەمانی کۆتای تورکمان هەنگاوێکی گرنگە

پەرلەمانتاری خوولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان عەلی حەمەساڵح جەخت دەکاتەوە کە " نەمانی کۆتای تورکمان و ئەرمەن هەنگاوێکی گرنگە". 

لە نووسینێکدا عەلی حەمەساڵح لە بارەی یاسای هەڵبژاردن و نەمانی کۆتاکانەوە، دەڵێت" بەئەزمونی دوو خولی پەرلەمان، دەڵێم: نەمانی کۆتای تورکمان و ئەرمەنی کارێکی گرنگە، چونکە: تورکمان نەتەوەیە، ئایا ڕەوایە پەرلەمانتارێکی کورد بە (١٥ هەزار دەنگ) ببێتە ئەندام پەرلەمان، تورکمانێک (١٩٤ دەنگ)! ".

هەروەها دەڵێت "  تورکمانەکان نەیانتوانیوە نوێنەرایەتی نەتەوەی خۆیان بکەن، باشترین بەڵگەش ئەوەیە دەنگدەری تورکمان دەنگی پێنەدەدان، بەدەنگی تایبەت( سەربازی) پارتی دەردەچوێندران! ".

عەلی حەمەساڵح لە هۆکارێکی تردا کە بەزەروری دەزانێت کۆتای تورکمان و ئەرمەن نەمێنێت، دەڵێت" لە پەرلەماندا نوێنەرایەتیەکی تەواوی پارتی یان دەکرد، باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە هیچ پرۆژەیەکی ئەوتۆیان بۆ تورکمان پێنەبوو، لە هەموو هەڵوێستێکیش لەگەڵ پارتی بوون".

لە هۆکارێکی تردا باس لەوە دەکات کە ئەگەر نوێنەرایەتی بۆ نەتەوە ڕەوابایە، تورکمان و ئەرمەن.. لە پەرلەمانی عێراق کۆتایان دەبوو. 
 کۆتایشدا دەڵێت " دەڵێن: تورکمان (٢٠٠ هەزار دەنگدەری) هەیە، ئەم دەنگە زیاتر لە (١٠ کورسی دەکات)! بۆچی بە (٥ کۆتا) ! 
نەمانی کۆتای تورکمان و ئەرمەن، دابەشکردنی کوردستان بۆ چوار بازنە، بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە لایەن کۆمسیۆنی عێراقەوە…. سێ هەنگاوی گرنگن. 

ئەوە لە کاتێکدایە کە نوێنەرانی تورکمان لەدوا خولی پەرلەمان و کابینەی مەسرور بارزانی مکوڕن لەسەر مانەوەی کورسی کۆتاکان. 
رۆژی چوار شەممە دوا وادەیە بۆ دادگای فیدراڵی بڕیار بدات لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. 



PM:12:22:19/02/2024