یەکێتی: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش هەمان دەهۆڵتان دەكوتا

بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن رونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت" هیچ کات یەکێتی لە هەڵبژاردن نەترساوەو دەمێکە خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە کردوەو هاوشێوەی کەرکوک و موسڵ و خانەقین و دوزخورماتوو چاوەروانی سوپرایز بن". هەروەها دەڵێت"  بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش هەمان دەهۆڵتان دەكوتا".

لە راگەیەندراوەکەی یەکێتیدا هاتووە"  پێشتریش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە تایبەت كەركوك كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوایدەكرد ئەو بڕگە یاساییەی تایبەت بە كەركوك لاببردرێت بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتیەكی رەسەنی شارەكە بەتایبەت دەنگدەرانی كورد مافی بەشداریكردنی هەڵبژاردنەكانی هەبێت، هەمان دەهۆڵیان دەكوتا و گوایە یەكێتی بۆیە داوای هەموواری ئەو بڕگەیە دەكات، ترسی پێشوەختەی لەگەڵ كەمكردنەوەی دەنگەكانی و بەدەستهێنانی كورسی هەیە و نایەوێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكرێت".

دەقی راگەیەندراوەکە: 

چەند ڕۆژێكە بەشێوەی پلان بۆ داڕێژراو لەلایەن بەشێك لە میدیای ڕەسمی و ناڕەسمی هەندێك لایەن، بەپاساوی دواخستنی دانیشتنەكانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان یەكێتی كراوەتە ئامانج، گوایە یەكێتی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەترسێت و هەوڵی دواخستنی دەدات، لەسەر بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵە چەواشەكارییانە، بەوانەی كە خەونەكانیان تەنها لەسەر هەواڵی چەواشە هەڵچنیووە، پێیان رادەگەیەنین كە :

 پێشتریش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە تایبەت كەركوك كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوایدەكرد ئەو بڕگە یاساییەی تایبەت بە كەركوك لاببردرێت بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتیەكی رەسەنی شارەكە بەتایبەت دەنگدەرانی كورد مافی بەشداریكردنی هەڵبژاردنەكانی هەبێت، هەمان دەهۆڵیان دەكوتا و گوایە یەكێتی بۆیە داوای هەموواری ئەو بڕگەیە دەكات، ترسی پێشوەختەی لەگەڵ كەمكردنەوەی دەنگەكانی و بەدەستهێنانی كورسی هەیە و نایەوێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكرێت، كەچی دواجار هەوڵ و هەواڵە چەواشەكارییەكانتان بوونە بڵقی سەر ئاو و مایەپوچ دەرچوون، بۆیە ئەمجارەش پێتان دەڵێین كاتی زۆری ماوە بۆ بانگەشە و  هەر لەئێستاوە خۆتان بەو دەهۆڵ كوتانە و هەواڵە چەواشەكارییانە ماندو مەكەن، چونكە یەكێتی دەمێكە خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادەكردوەو هاوشێوەی كەركوك و موسڵ و خانەقین و دوزخورماتو، چاوەڕوانی سوپرایز بن. 

بۆردی راگەیاندن
19/2/2024



PM:04:40:19/02/2024