لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمان
سەرۆکایەتی هەرێم لەگەڵ یونامی و کۆمسیۆن کۆدەبێتەوە

بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٤ سەرۆکایەتی هەرێم لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و یۆنامی، پرسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ بکات. 

دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم، بەیانی ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە" پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرۆکایەتی هەرێم لەگەڵ شاندێکی یونامی و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق کۆدەبێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکرێت و وادەیەکی دیکە بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریدەکرێت. 
 
لە ماوەکانی ڕابردووشدا سەرۆکایەتی هەرێم لەگەڵ کۆمسیۆنی عێراق و یۆنامی کۆبوونەتەوە و وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی هەرێم دیاریکراوە، بەڵام تائێستا هەڵبژاردن بەڕێوەنەچووە.

هەروەها هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بڕیاریشە سبەینێ چوارشەممە دادگای فیدراڵی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵایەکی تایبەت بە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو داوایە بدات.


AM:10:27:20/02/2024