یەکێتی هەڵوێستی لەبارەی هەردوو بڕیاری دادگای فیدراڵیەوە راگەیاند

لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی رایدەگەیەنێت "فرەبازنەیی سوودی بۆ هەموو لایەنەكان و خەڵك هەیە و عەدالەتی ناوخۆی حزبی دەهێنێتە ئاراوە".
 
لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "دوابەدوای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن، بەشێك لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان هەوڵی شێواندنی راستییەكانیان لەبەرچاوی هاووڵاتیان و شەقام و جەماوەردادا، ئەمە جگە لەوەی بەشێك لەو میدیایانە پەنجەی تۆمەتیان بۆ یەكێتی درێژكرد و لەجێگەی دەستخۆشی پەیامی چەواشەكاریان دایەپاڵی، ئێمە وەك میدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەڵامی هیچ كام لەو كەناڵانە نادەینەوە، بەڵام خستنەڕووی راستییەكان بە ئەركی خۆمان دەزانین".
 
دوێنێ ٢١ی شوبات دادگای فیدراڵی عێراق لە دوو بڕیاردا کە یەکێکیان لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوەیە، بڕیاری دەرکرد کە شێوازی هەڵبژاردن نابێت لە چوار بازنە کەمتربێت، هاوکات ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان کردە بە ١٠٠ کورسی و ١١ کورسی بۆ کۆتاکانی رەتکردەوە.




PM:02:08:22/02/2024