بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران چوار گەنجی کورد بریندارکران

بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، چوار گەنجی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەختی بریندارکران. 

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە" سێ کۆڵبەری گەنجی کورد کە ناوی دوو لە کۆڵبەرەکان فوئاد کارگەر، خەڵکی گوندی بانەوەڕەی پاوە و دانیشتووی شاری جوانڕۆ و سوهەیب (ناسناوی نادیار) لەگەڵ کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی ڕاستەوخۆ و لێدانی بەرد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە سنووری نەوسوودی پاوە بە سەختی بریندارکران". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، فوئاد کارگەر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری پاوە گواستراوەتەوە و دواتریش بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی شاری کرماشان گواستراوەتەوە و ئێستا لە ژێر چاودێری چڕی پزیشكدایە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.

ئەوەشی خستەڕوو، کازم عوسمانی تەمەن (٢٨) ساڵە و خەڵکی شاری سەقز لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری بەستامی شاری سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بریندار بووە و بۆ نەخۆشخانەی شەفا لەو شارە گواستراوەتەوە و لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە.


AM:09:04:23/02/2024