وەزیری نەوتی عێراق: گفتوگۆکان بۆ هەناردنەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئەرێنین

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند" لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆداین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم"، و ئاماژەش دەکات کە گفتوگۆکان ئەرێنین.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لەمیانەی بەشداریکردنی لە شەشەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی دیالۆگ لە بەغدا رایگەیاند" لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆداین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان".

وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی ئاستەنگێکانی بەردەم هەناردنەکردنەوەی نەوتی هەرێم بە ( رووداوی) راگەیاند" کێشەکە نێوخۆیی و دەرەکییە، بەهۆی ئەوەی سرووشتی گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان جیاوازە لەگەڵ سرووشتی گرێبەستەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان کە وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ سەرپەرشتییان دەکات. ئێستا سەرقاڵی دانوستاندنین لەگەڵ ئەو کۆمپانیانە بۆ نوێکردنەوە و هەموارکردنەوەی ئەو گرێبەستانە و گونجاندنیان لەگەڵ دەستووری عێراقی".

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە گفتۆگۆکان ئەرێنین و وتی پێم وایە کۆمپانیاکان خۆیان لەگەڵ گرێبەستە نوێیەکان دەگونجێنن، چونکە ئامانجی ئەوانیش بەردەوامبوونی بەرهەمهێنانە.

لە ٢٥ی ئاداری ساڵی رابردووەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیراوە و تاوەکو ئەمڕۆ دەستیپێنەکردووەتەوە، ئەوەش کێشەی بۆ بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کێشەی دروستکردووە.




PM:12:07:24/02/2024