پارێزگاری هەولێر رایگەیاند" هەموو هەوڵێک بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەی هەولێر دەدەن، و دەشڵێت" هەر کەسێک کەمتەرخەم بووبێت و هۆکار بێت بۆ کەوتنەوەی ئاگرەکە سزا دەدرێت".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەردانی بازاڕی لەنگەی هەولێر کرد و بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند" ئێستا تیمەکانی بەرگری شارستانی لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدان و سوپاس بۆ خوا کە تا ئێستا زیانی گیانی نەبووە و هەر کەسێکیش هۆکاربووبێت بۆ کەوتنەوەی ئاگرەکە سزا دەدرێت".
هەروەها کاروان میراودەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێریش رایگەیاند" تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دیار نییە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە و تاوەکو ئێستا ناشزانرێت زیانەکانی ئاگرەکە چی بووە".
ئەمشەو ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە بەهۆیەوە ١٠ کۆڵانی بازاڕەکە سووتاوە و نزیکەی ١٠٠٠ دوکانیش سوتان و ٢٢ کەسیش بەهۆی برینداربوون و تەنگی نەفەسی ئاگرەکەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون.