رۆژهەڵاتی کوردستان.. لە ورمێ ٥٠ کەس بەتۆمەتی بانگەشەی بایکۆتی هەڵبژاردن دەستگیر دەکرێن

لە پارێزگای ورمێ ٥٠ کەس بە تۆمەتی بانگەشەی بایکۆتی هەڵبژاردنی دوازدەهەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورای کۆماری ئیسلامی دەستگیر کراون.

رەحیم جیهانبەخش بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ،لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند" ٥٠  کەس بە تۆمەتی بانگەشەکردن و هاندانی هاوڵاتییان بۆ بەشداری نەکردن لە دەنگدان و هەڵبژاردنی دوازدەهەمین خولی ئەنجومەنی شورای کۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیرکراون".

بەڕێوەبەڕی پۆلیسی پارێزگای ورمێ وتیشی" ئەوانەی دەستگیرکراون لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوایان لە هاوڵاتییان و دەنگدەران کردووە بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن، بەو هۆکارەوە لەلایەن هەواڵگری پۆلیس بە هەماهەنگی دەسەڵاتی دادوەری فەرمانی دەستگیرکردنیان جێبەجێکراوە".

رەحیم جیهانبەخش ئاماژەی بەوەشداوە کە بەگوێرەی یاسا، بڵاوکردنەوەی هەر پەیام و دروشمێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ تێکدانی دەروون و شیرازەی کۆمەڵگە و دژایەتیکردنی هەڵبژاردن پێشێلکارییەکی زەقی یاسایە و بە تاوان هەژمارە و تۆمەتباران رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە بە گوێرەی ڕاپرسییە فەرمییەکانی پەیوەست بە ئاستی ئارەزووی خەڵکی ئێران بۆ دەنگدان، ئاستی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا لە هەموو وڵاتدا بە ٣٠% مەزەندە دەکرێت.

بڕیارە سبەی هەینی (١ی ئازاری ٢٠٢٤) پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنی دوازدەهەمین خولی پەرلەمانی ئێران لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەبچێت، کە ١٥ هەزار و ٢٠٠ کاندید کێبڕکێ لە سەر بەدەستهێنانی ٢٩٠ کورسی پەرلەمان دەکەن.



PM:12:00:29/02/2024