نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان: تا ڕۆژێک زووتر وەزیرە کوردەکان بگەڕێنەوە بۆ بەغداد باشترە

‌سەرۆکی پەرلەمان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق - فۆتۆ: پەرلەمان
نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق نیکۆلای میلادینۆڤ رایگەیاند " نائامادەیی کورد لە بەغداد زیانی گەورە بە عێراق دەگەیەنێت، بۆیە تا ڕۆژێک زووتر وەزیرە کوردەکان بگەڕێنەوە بۆ بەغداد باشترە، بۆ ئەوەی عێراق لەم تەنگەژەیە ڕزگار ببێت".

ئەمرۆ ١٢ ی تشرینی یەکەم سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان د یوسف محەمەد سادق و ئەو پەرلەمانتارانەی سەردانی شاری کوبانیان لە رۆژئاوای کوردستان کرد پێشوازیان لە نیکۆلای میلادینۆڤ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق کرد.


لەو کۆبوونەوەیەدا د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت" باشوور وڕۆژئاوا لە جەنگ دژ بە تیرۆرستان یەک پاکێچە و نابێت لە مەسەلەی دژایەتیکردنی داعش، لەلایەن کۆمەڵگەی  نێودەوڵەتییەوە، جیوازی لە نێوان هەرێم و کۆبانێ بکرێت." لەبارەی بارودۆخی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان، ڕەخنەی لە نەتەوەیەکگرتووەکان گرت کە بێ هەڵوێستن لەبارەی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بودجەی کوردستان".

لەدانیشتنەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ڕۆشتنی شاندی پەرلەمان بۆ کۆبانێ و بارودۆخی ئاوارەکانی خۆرئاوا و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد زانیاریی بە شاندی میواندا.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد، سەرۆکی پەرلەمان، وتی "بەداخەوە حکومەتی عێراق بەردەوامە لە سزادانی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا پێشمەرگە لەبری هەموان جەنگی دژ بە تیرۆر دەکات، بەڵام حکومەتی ناوەندی ڕێگریی دەکات لەوەی هێزی پێشمەرگە پڕ چەک بکرێت. لە بارەی کۆبانێ و خۆرئاواش، سەرۆکی پەرلەمان وتی " کەوتنی کۆبانێ، بەرەی دژە تیرۆر بەهێز دەکات، بۆیە پێویستە لەسەر نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نیوەدەوڵەتی هاوکاری شەڕڤانانی خۆرئاوا بکەن، بۆ ئەوەی تیرۆرستان ناوچەکە نەکەنە  مۆڵگەی کوشتن و تیرۆر".

لەبەرامبەردا (نیکۆلای میلادینۆڤ) نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەغداد، هیوای خواست چۆن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری هەرێمی کوردستانیان کرد لە شەڕ دژ بە تیرۆرستان، بەهەمان شێوە لە خۆرئاوای کوردستانیش دژ بە تیرۆرستان بجەنگێن، لە بوارەشدا هەرچیمان پێبکرێت، کەمتەرخەمی ناکەین".
لەبارەی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداد، نوێنەری نەتوەیەکگرتووەکان وتی " نائامادەیی کورد لە بەغداد زیانی گەورە بە عێراق دەگەیەنێت، بۆیە تا ڕۆژێک زووتر وەزیرە کوردەکان بگەڕێنەوە بۆ بەغداد باشترە، بۆ ئەوەی عێراق لەم تەنگەژەیە ڕزگار ببێت.



PM:03:15:12/10/2014