پارتی چاکسازی تورکمان لەبارەی دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمان پەیامێکی بڵاوکردەوە

سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان ڕایدەگەیەنێت" پێشوازی لە دەستنیشانکردنی رۆژی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین". 

عەبدولقادر بازرگان سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، ئەمشەو یەکشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" وەک پارتی چاکسازی تورکمان پێشوازی لەم بڕیارە دەکەین و پشتیوانی خۆمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دووپاتدەکەینەوە، سەرەرای نیگەرانیەکانمان لەمەڕ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان، کۆبوونەوەکانمان بەردەوامن بە ئامانجی یەکخستنی هەڵویستمان و خۆئامادەکردنمان بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەی کە لە ئارادایە". 

‎دەشڵێت، جەختدەکەینەوە کە ئەنجامدانی هەڵبژاردن گرنگە بۆ بەردەوامی و بەرەوپێشبردنی زیاتری پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی و پاراستنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان و دەربازکردنی قۆناغی ئێستای هەرێمەکەمان، جارێکی تر پشتیوانی و پاڵپشتی خۆمان وەک پێکهاتەی تورکمان و پارتی چاکسازی تورکمان بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردن دووپاتدەکەینەوە و داواکاریشن لە سەرجەم لایەنەکان هاوکار و هەماهەنگ بن و هەموو پێکەوە پشتیوانی بەرێوەچوونی هەڵبژاردن بکەین و هەوڵی سەرکەوتنی ئەو پرۆسە دیموکراسیە بدەین". 

‎ئەمڕۆ یەکشەممە نێچیرڤان بارزانی رۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەسەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.


PM:11:02:03/03/2024