یەکێتی و پارتی دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک کۆدەبنەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەربارەی چۆنێتی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک کۆبوونەوە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندێکی حزبەکە سەردانی مەڵبەندی دووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان کرد.

رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە میدیای فەرمی حزبەکەی وت" ئەمڕۆ  وەفدێکی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک سەردانی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان کردو تاوتووێی چەند پرسێکی گرنگمان کرد".

"پرسی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی شارەکە و لێکنزیکبوونەوەی هەردوولا و پەیوەندییەکانی نێوانمان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو"،( رەوەند مەلا مەحمود وایوت.)

دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی رایگەیاند" ماڵی کورد لە کەرکوک یەکخراوە و پێویستە هەموو لایەنەکان بەشداری جدییان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی شارەکە هەبێت".

وتیشی" یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هاوڕایە کە پێویستە پۆستەکانی پارێزگاکە بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەنێوان لایەنەکاندا یەکلابکرێنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی سەرجەم لایەنە براوەکانی کەرکوک دەکەین".

هاوکات هەر لە کۆنگرەکەدا محەمەد کەمال بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک رایگەیاند" لەگەڵ یەکێتی هەوڵدەدەین پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە دیاریبکەین، کە چێی رەزامەندی بێت بۆ سەرجەم لایەنەکان و دانیشتوانەکەشی".

"هەوڵەکانمان لەگەڵ یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی ئەنجومەنی پاریزگاکەوە زۆر جدییە و داواکارین لە لایەنەکانی دیکەش هاوکارمان بن، بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنەکە"، (محەمەد کەمال وایوت).

محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی ڕایگەیاند" ئامانجی سەردانەکە وەڵامدانەوە دوایین سەردانی یەكێتییە بۆ لقی سێی پارتی و دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو حزبە باشتر بکەن".

ئەمە لە کاتێکدا دوینێ  محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق، و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ به‌غدا کۆبوونەوە و سودانی دوو هەفتەی مۆڵەت داوە بۆ ئەوەی رێککەوتن بکرێت لەسەر بەرنامەیەکی سیاسی و دابەشکردنی پۆستەکان.



PM:02:08:04/03/2024