"هەڵبژاردن بکەینە دەەرفەت بۆ بوژاندنەوەی ئامانجەکانی ڕاپەڕین"

ئەمشەو دووشەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینی گەلی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" پێویستە هەڵبژاردنی داهاتوو بکەینە دەەرفەتی زێڕین بۆ بوژاندنەەوی ئامانجەکانی ڕاپەڕینی دێرین". 

مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەو پەیامەیدا ئاماژە بەوەدەکات، دوای زیاتر لە سێ دەیە لە راپەڕین و پرۆسەی سیاسیی کوردستان وا لە حوزەیرانی ئەمساڵدا روومان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانە و دەرفەتێکی زێڕین هاتۆتەکایەوە تا بە گیانی پڕ جۆشوخرۆشی سەرەتاکانی ڕاپەڕینی دێرینەوە و بە دەنگدانی دیموکراتی لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردا ئەزموونی خۆماڵیمان مشتوماڵ بکەینەوە. 

دەشڵێت" پێکەوە بە بەشداری فراوان و کارای نەوە تازەکانی کوردەواری رێڕەوی حکومڕانیمان چاکتر و گەشەپێبدەین و ئەوەی ماوە لە ئامانجە ستراتیژییەکانی ڕاپەڕین بەدیبهێنین، هەڵبژاردنی داهاتوو بکەینە دەرفەتی زێرین بۆ بوژاندنەوەی ئامانجەکانی راپەڕینی دێرین". 

دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە یادی ٣٣ ساڵەی راپەڕین بەمشێوەیەیە: 

با هەڵبژاردنی داهاتوو بکەینە دەەرفەتی زێڕین بۆ بوژاندنەەەی ئامانجەکانی ڕاپەڕینی دێرین

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان  یادی ٣٣ ساڵەی راپەڕینی گەلەکەمان لە هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت ، بە تایبەتی لە کچان و کوڕانی کوردەواری کە لە سایەی ئەزموونی خۆبەخۆ و دیموکراتی وڵاتەکەماندا پێگەییون  و ئەمڕۆش دیمەنی هەرە گەشی پرۆسەی سیاسی وڵاتەکەمان  پێکدێنن.  لە ٥ی ئازاری دەروازەی راپەڕین ،لە ڕانیەوە  ، بۆ زەماوەندی ڕزگاری لە سلێمانی و روخانی قەڵای ستەمی بەعس لە هەولێری هۆلاکۆ بەزێن  و دهۆکی رەنگین و خانەقینی بووکی گەرمسێر و تەواوی شار و شارۆچکەکانی تر تا نەورۆزی ڕزگاری کەرکوکی قودسی کوردستان، هەڵمەتی راپەرین  داستانێکی نیشتمانیی گەلەکەمان بوو بە ڕابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جەماوەری خۆراگری بەعس بەزێن.

ئەمرۆش دوای زیاتر لە سێ دەیە لە راپەڕین و پرۆسەی سیاسیی کوردستان وا لە حوزەیرانی ئەمساڵدا روومان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانە و دەرفەتێکی زێڕین هاتۆتەکایەوە  تا  بە گیانی پڕ جۆشوخرۆشی سەرەتاکانی ڕاپەڕینی دێرینەوە و بە دەنگدانی دیموکراتی لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردا  ئەزموونی  خۆماڵیمان مشتوماڵ بکەینەوە و پێکەوە بە بەشداری فراوان و کارای نەوە تازەکانی کوردەواری  رێڕەوی حکومڕانیمان چاکتر و گەشەپێبدەین  و ئەوەی ماوە لە ئامانجە ستراتیژییەکانی ڕاپەڕین بەدیبهێنین.

بە جۆرێک هەڵبژاردنی داهاتوو بکەینە دەرفەتی زێرین بۆ  بوژاندنەوەی ئامانجەکانی راپەڕینی دێرین.  لە بیرەوەری هەمیشە گەشاوەی بڵێسەی راپەڕیندا  سڵاو لە شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و خەباتی دیموکراتی لە عیراقدا سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکان و رێکخستنەکانی داینەمۆی راپەڕین.  گەلی کوردستانیش،  بە هەموو پێکهاتەکانییەوە. 

هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتووبن 

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


PM:09:03:04/03/2024