كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی سلێمانی پەیامێك ئاڕاستەی هاووڵاتیان دەكات

ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان داوا لە هاووڵاتیان دەكات، سەردانی ناوەندەكانی تۆماركردن بكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتی بایۆمەتری و دەشڵێت'' تۆماركردنی دەنگدەران تاوەكو ١٠ی مانگ درێژكراوەتەوە''.

ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند'' لەئێستادا ھەموو ئەو دەنگدەرانەی، کە لە ماوەی نێوان بەروارەکانی (٢٠٢٢⁄٣⁄٢) بۆ (٢٠٢٣⁄٩⁄٢٠) تۆماری بایۆمەترییان ئەنجام داوە، سەردانی ناوەندەکانی تۆمار بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری دەنگدانەکانیان''.

ڕاشیگەیاند'' ڕۆژانە لە کاتژمێر٨:٠٠ ی بەیانی تا کاتژمێر ٣:٠٠ی عەسر دەتوانن سەردان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتی بایۆمەتری دەنگدان''.

ئاماژەی بەوەشكرد، ماوەی تۆماری بایۆمتری دەنگدەران تا بەرواری (٢٠٢٤⁄٣⁄١٠) درێژکراوەتەوە و لەدایکبووانی (٢٠٠٦) و ئەو ھاووڵاتیانەی تۆمار نەکراون دەتوانن لەم ماوەیەدا خۆیان تۆمار بکەن تا کارتی بایۆمتری دەنگدانیان بۆ دروست بکرێت.

سەبارەت بە بەڵگەنامە پێویستەكان وتی'' بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری دەنگدان هاووڵاتی پێویستی بە کارتی نیشتیمانی یان پێناسی باری شارستانی یان ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی عێراقی هەیە''.


PM:10:21:05/03/2024