شه‌پۆلێكی به‌فر و باران هەرێمی کوردستان ده‌گرێته‌وه‌

ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕەوشی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئه‌مڕۆ و سبه‌ی شه‌پۆلێكی نوێی به‌فر و باران ناوچه‌ جیاجیاكان ده‌گرێته‌وه‌ و پله‌كانی گه‌رماش دادەبەزن". 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان بەگشتی نیمچە هەور دەبێت، لەگەڵ کەمێک زیادبوونی خێرایی با، ئەگەری نمە باران  هەیە لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان، لەگەل ئەگەری کەمێک بەفربارینی هەیە لە کاتەکانی شەودا، بەڵام لە سنووری باشووری پارێزگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزوخۆڵێکی کەم هەیە لە دواینیوەرۆ، هاوکات خێرای با (١٥ – ٢٠)کم دەبێت و مەودای بینین (٨ – ١٠)کم دەبێت، پلەکانی گەرماش نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. 

ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لە کاتەکانی بەیانی زوودا بارانبارین لەسەر زۆربەی ناوچەکان دەبارێت، لە سنووری پارێزگای دهۆک هەندێ کات بارانبارین بە لێزمە دەبێت، وە لە ناوچە شاخاوییەکان بەگشتی ئاستی دابارین مامناوەند دەبێت، لە کاتی بارانباریندا هەندێ کات هەورەتریشقەی لەگەڵ دەبێت وە لە زۆربەی لوتکەی شاخە بەرزەکان بەفربارینی دەبێت، لە ئێوارەدا باران بارین کاریگەری کەم دەبێتەوە،هەروەها خێرای با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت و مەودای بینین (٧ – ٩) کم دەبێت، پلەکانی گەرماش (یەک تا سێ) پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە. 


AM:10:34:06/03/2024