ئەردۆغان سورە لەسەر داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان


تورکیا جەخت دەکاتەوە کە پاشەکشە ناکات لە هەنگاوەکانی بە ئامانجی دامەزراندنی پشتێنەیەکی ئەمنی لەسەر سنوورەکانی باشووری خۆی بە قوڵایی تا ٤٠ کیلۆمەتر لە ناو خاکی سوریادا. تورکیا داوا دەکات هیچ لایەنێک نیگەران نەبێت،  چونکە "ئامانجی داگیرکردنی خاکی کەسانی دیکە نییە.”

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند" وڵاتەکەی هێشتا سورە لەسەر بڕیاری دروستکردنی  پشتێنەیەکی ئەمنی بە قوڵایی ٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ سوریا".

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە پشتێنە ئەمنییەکە لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی پێشووەوە (لە باکوری سوریا) دروستکراون و دەڵێت" لە ڕێگەی هەنگاوی نوێشەوە ئەو بۆشاییانە پڕدەکەینەوە قو ئەو پشتێنەیە دروستدەکەین".
ئەم لێدوانەی ئەردۆغان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا شەوی دووشەممە-سێشەممە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیا بە سەرۆکایەتی خۆی رایگەیاند " ئامادەکاریمان کردووە کە کابوسێکی نوێ بۆ ئەو کەسانە بهێنین کە پێیانوایە دەتوانن تورکیا بخەنە سەر ئەژنۆی بە دامەزراندنی قەوارەیەکی تیرۆریستی لەسەر سنووری باشووری خۆی”.

سەرۆک کۆماری تورکییا داوای لە هەموو لایەک لە ناوچەکەدا کرد کە ڕێز لەم ستراتیژە ئەمنییەی ئەوان بگرن و، وتی "ئەگەر نا ئەوان دەبنە هۆکاری ئەو گرژیانەی کە سەرهەڵدەدەن"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی لە هەرێمی کوردستان و سوریا دژی ( پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد گەورەترین پێکهاتەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە ن).

سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە بە چاوی خۆمان هەوڵی دابەشکردنی سوریا دەبینین، هەروەها تورکیا تەنها خەمی سنوورەکانی نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی دڵی جوگرافیایەکی زۆر گەورەتر دەکات، لە باڵکانەوە تا ئاسیای ناوەڕاست، لە دەریای ڕەشەوە تا... باکووری ئەفریقا، و لە دەریای ئیجە تا باشووری ئاسیا. ئاماژەی بەوەشکرد" ئەم دڵە هێز دەبەخشێت و ئومێد دەبەخشێت بە هەموو دۆست و براکانی پەیوەست بەو دڵە".

هەموو ئاماژەکان ئەوە نیشان دەدەن کە تورکیا ئەم بەهارە هێرشێکی فراوان دەکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان وەک بە نیازە بە قوڵای ٤٠ کم داگیری بکات لەم کاتەدا ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان نامێنیت، لە هەریمی کوردستانیش دەیەوێت قوڵای پشتێنەی ئەمنییەکەی تا ٤٠ کم بڕوات.



PM:09:00:06/03/2024