نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا

ئەمڕۆ شەممە ٩ی ئازاری ٢٠٢٤ نرخی نەوت بە هەردوو جۆری برێنت و خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا گۆڕانکاری بەسەردا هات.

لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بەرز بووە و گەیشتە ٨٢ دۆلارو٢ سەنتە بەڵام لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە٨١ دۆلار و ٦٩ سەنت بوو.

هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکی دابەزینی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە ٧٧ دۆلار و ٨٥ سەنت، لە کاتێکدا لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە ٧٧ دۆلار و ٩٢ سەنت بوو.

بازاڕی نەوت رووبەڕووی کەمبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە بووەتەوە، کە گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاوە لە جیهان، تەنانەت لەدوای درێژکردنەوەی رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن بەرهەمهێنەرانی ئۆپێک پڵەسەوە، نرخی نەوت هەفتەی رابردوو بەردەوام بوو لە دابەزین.

هێشتا وەرزی پشوو لە ئەمریکا دەستی پێنەکردووە، کە ببێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو.
 
چین هەفتەی رابردوو رایگەیاند، ئەم ساڵ چاوەڕوان دەکات بە رێژەی ٥% ئابوورییەکەی گەشە بکات، بەڵام زۆربەی شرۆڤەکاران پێیانوایە ئەو وڵاتە ناتوانێت ئەو ئامانجەی بپێکێت.
 
خاوبوونەوەی ئابووریی چین دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواستی ئەو وڵاتە بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو.




AM:09:53:09/03/2024