وەزیری نەوت: کۆمپانیاکانی نەوت بەرەو دادگای نێودەوڵەتی دەچن، هەرێم بەرپرسە

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت لە هەرێمدا هەندێکیان بەرەو دادگای نێو دەوڵەتی دەڕۆن بۆ چارەسەری کێشەکانیان و هەرێم بەرپرسە لەو کێشەیە.

ئەمڕۆ شەممە، ئاریان تاوگۆزی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئێن ئارتی باس لەوە دەکات لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا وەزیری نەوتی عێراق حەیان عەبدولغەنی لە وەڵامی چەند پرسیارێکی فراکسیۆنەکەیان پێی راگەیاندوون، "تا ئێستا هیچ زانیارییەکان سەبارەت بە بەهەرمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم نییە".


پەرلە مانتارەکەی نەوەی نوێ رایگەیاندووە" وەزیری نەوتی عێراق ئەوەشی پێ راگەیاندوون؛ ئەو کێشانەی کە لە نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەند هەیە سەبارەت بە نەوت، لەسەر تێچووی دەرهێنانی نەوتە، بەوپێیەی لە عێراق نرخی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە نێوان هەشت هەزار بۆ نۆ هەزار دیناری عێراقییە و لە هەرێم بڕی ٢٠ دۆلاری بۆ دیاری کراوە".

دەشڵێت " وەزیر ئاشکرای کردووە، لە عێراق بڕی یەک دۆلار و بیست سەنت دانراوە بۆ گواستنەوەی هەر بەرمیلێک، بەڵام لە هەرێم بڕی شەش دۆلار بۆ گواستنەوەی دانراوە، کە ئەمانەش پێچەوانەی یاسای بودجەی گشتین و عێراق ناتوانێت پێیانەوە پابەند ببێت".

وەزیری نەوتی عێراق بە فراکسیۆنی نەوەی نوێشی وتووە؛ هەندێک لەو کۆمپانیا نەوتیانەی لە هەرێم کاردەکەن، دەیانەوێت بەرەو تەحکیمی نێودەوڵەتی بڕۆن و ئەوەش کێشەی هەرێمە.

هاوکات، جێگری وەزیری نەوتی عێراق ئەوەی پێی راگەیاندوون کە هەرێم رێگا بە تیمەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق نادەن سەردانی دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێم بکەن.



PM:08:54:09/03/2024