عێراق زیاتر لە ٤١٦ ملیۆن دۆلار بۆ بۆرییەکی نوێی نەوت تەرخان دەکات

وەزارەتی نەوتی عێراق بۆری سێیەمی گواستنەوەی نەوت لە ڕێی دەریاوە دروست دەکات و زیاتر لە ٤١٦ ملیۆن دۆلاریش بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە تەرخان دەکرێت.

عەبدولکەریم شەمخانی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی بەسڕە بە ڕۆژنەمای سەباحی ڕایگەیاند" وەزارەتی نەوت بەنیازە لە ساڵی ٢٠٢٤-٢٠٢٥دا بڕی ٤١٦.٩ ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی ڕاکێشانی سێیەم بۆری نەوت لە ڕێی دەریاوە خەرج بکات".

ڕوونیشیکردەوە" بۆرییەکە توانای هەیە ڕۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە کۆگاکانی فاووەوە بۆ بەندەری نەوتی فاو هەناردە بکات کە گرنگی بۆ پتەوکردنی ژێرخانی هەناردەکردنی نەوت هەیە، چونکە تا کۆتایی ٢٠٢٥ ئاستی هەناردەکردنی ڕۆژانەی نەوت بۆ پێنج ملیۆن بەرمیل بەرزدەکاتەوە".

شەمخانی ئەوەشیخستەڕوو" کە وەزارەتی نەوت بەنیازە گرێبەستێک بۆ دروستکردنی بۆرییەکە لەگەڵ کۆمپانیای ڕۆیاڵ بوسکالیسی هۆڵەندی ئیمزا بکات".


AM:10:18:10/03/2024