مامۆستایانی ناڕازی زەنگی هۆشداری بۆ حکومەت لێدەدەن

مامۆستایانی ناڕازی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژە بەوەدەکەن، ئەگەر چیتر مووچە دوا بکەوێت سەرجەم شار و شارۆچکەکان پڕئەکەین لە دەنگی بەرزی ناڕەزایەتیی.

مامۆستایانای نارازی لە بەیاننامەکەیاندا ئاماژە بەوەشدەکەن، ئەگەر دەسەڵاتی سنووری زۆنی سەوز ڕاستگۆیە لەگەڵ خۆی و دادگای فیدراڵیی و خەڵکی ئەم سنوورە، ئەوا با ڕاستەوخۆ لیستی مووچەخۆران بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی و ڕێگەبدات بەزوویی لە ڕێی یەکێک لە بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین کارت بۆ مووچەخۆران دروستبکرێت.

دەشڵێن" بۆیە لێرەوە هۆشیاری تووند بە دەسەڵات ئەدەین، کە ئەگەر چیتر مووچە دوا بکەوێت یان دەستکاری بکرێت و کەمتەرخەمیی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی بکات، ئەوا هەموو ڕێگایەکی فشار و ناڕەزایەتیی مەدەنیی لەبەردەمماندا کراوەیە و لە داهاتوویەکی نزیکدا شەقامی سەرجەم شار و شارۆچکەکان پڕئەکەین لە دەنگی بەرزی ناڕەزایەتیی. (ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارەش بەتەنها لە بایکۆت و خۆپیشانداندا ناوەستێت)".

دەقی بەیاننامەکە:

پاش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی لە بەرژەوەندی مووچەخوراوانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێمان ئەکرد دەسەڵات واز لە چەوساندنەوەی خەڵکی کوردستان بهێنێت و ئاسانکاریی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان بکات، بەڵام بەداخەوە وەک دەبینین دەسەڵات سوورە لەسەر سزادان و برسیکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران.

پێشتر کەلەڕەقیی و پێداگیریی دەسەڵاتمان لە چەسپاندنی ئابووری سەربەخۆ و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بینیی؛ کە دەرئەنجامەکەی لە خزمەتی بنەماڵە و حیزبەکاندا بوو، ماڵوێرانی و بەشمەینەتییەکەشی بۆ هاووڵاتییان و مووچەخۆرانی ستەملێکراو بوو.

لە ئێستاشدا جارێکی تر، دەسەڵات بەپاساوی گاڵتەجاڕانەی دروستکردنی "هەژماری من” و نەناردنی لیستی ناوی هێزە سەربازییەکان، دەیەوێت خۆی لە پابەندیی بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی بدزێتەوە.

بۆیە لێرەوە هۆشیاری تووند بە دەسەڵات ئەدەین، کە ئەگەر چیتر مووچە دوا بکەوێت یان دەستکاری بکرێت و کەمتەرخەمیی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی بکات، ئەوا هەموو ڕێگایەکی فشار و ناڕەزایەتیی مەدەنیی لەبەردەمماندا کراوەیە و لە داهاتوویەکی نزیکدا شەقامی سەرجەم شار و شارۆچکەکان پڕئەکەین لە دەنگی بەرزی ناڕەزایەتیی. (ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارەش بەتەنها لە بایکۆت و خۆپیشانداندا ناوەستێت).

ئەگەر دەسەڵاتی سنووری زۆنی سەوز ڕاستگۆیە لەگەڵ خۆی و دادگای فیدراڵیی و خەڵکی ئەم سنوورە، ئەوا با ڕاستەوخۆ لیستی مووچەخۆران بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی و ڕێگەبدات بەزوویی لە ڕێی یەکێک لە بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین کارت بۆ مووچەخۆران دروستبکرێت؛ چونکە بڕیاری دابەشکردنی ڕاستەوخۆی مووچەی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان؛ لەلایەن هەمان دادوەرو دادگا و لە هەمان ڕۆژدا، دەرچووە. ناکرێت بۆ یەکێکیان خۆڵەمێشیانە مامەڵە بکەیت و بۆ ئەوی تریان شایی بگێڕیت.

لە کۆتاییشدا داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چین و توێژە جیاوازەکان ئەکەین، بە یەکدەنگیی لەگەڵمان بن تا گەیشتن بە ئامانجەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دروستکراوی مووچە.

هەروەها داوا لە چین و توێژەکانی پارێزگای دهۆک و هەولێر ئەکەین، کە بێدەنگیی بشکێنن و هەنگاوبنێن بۆ کۆتاییهێنان بەم ستەمەی دەسەڵات، کە ساڵانێکی زۆرە بەسەرماندا سەپاندوویانە.

سەرکەوتن بۆ ئیرادەی مامۆستایان و فەرمانبەران


PM:07:23:13/03/2024