حکومەتی هەرێم: بەغدا لە ٢٠٢٣ دا بڕی زیاتر ٧ ملیار دۆلاری نەناردووە بۆ هەرێم

سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە راپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە ئەو پارانە ئاشکرا دەکات کە بەغدا ناردوویەتی بۆ هەرێم و ئەو بڕە پارانەش دەخاتەڕوو کە نەیناردووەو زیاتر لە ٧ ملیار دۆلارە.
 
دەقی ئەو بڕە پارانەی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە کۆی گشتی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2023 کە پێشبینی دەکرا وەک پارەی مانگانە لە ماوەی ئەو ساڵەدا بدرێت بە حکومەتی هەرێمی کورستان بریتییە لە 16 ترلیۆن و 497 ملیار دینار (12 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار).

ئەو بڕە پارانەی حکومەتی فیدراڵ بە پێی پشکی خۆی لە بودجەی گشتی فیدراڵی داویەتی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە مانگی یەکی ساڵی 2023 بڕی 400 ملیار دینار و و لە مانگی تەمموزی 2023 بڕی 598 ملیار دینار بووە، کە کۆی گشتی دەکاتە 998 ملیار دینار (756 ملیۆن دۆلار).

ئەو بڕە پارانەی وەک قەرز لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دراوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ساڵی 2023 دا کە بە پێنج بەش نێردراوە بریتی بووە لە سێ تریلیۆن و 700 ملیار دینار (دوو ملیار و 800 ملیۆن دۆلار).

داهاتەكانی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان لە 2023

داهاتە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دەبێت بگوازرێتەوە بۆ گەنجینەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی عێراق، داهاتی سافی بەدەستهاتوون تا ئەوکاتەی هەناردەکردن وەستاوە لە (25ـی ئاداری 2023)، واتە دوای پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان، کە ئەم ژمارە و داتایانە لەلایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتی وردبینی دیلۆیتەوە وردبینییان لەسەر کراوە، بەپێی راپۆرتی پەسەندکراوی دیلۆیت: بریتییە لە یەک ترلیۆن و 693 ملیار دینار (یەک ملیار و 282 ملیۆن دۆلار).

داهاتی دەروازە سنوورییەکان: رێژەی 50%ـی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان، دەبێت بگوازرێنەوە بۆ خەزێنەی فیدراڵی، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ماددەی/21 دووەم یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ژمارە 13 ساڵی 2023 هەروەها ماددەی 29ـی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ـی ساڵی 2019؛ کە بریتییە لە 728 ملیار دینار (551 ملیۆن و 515 هەزار و 151 دۆلار).

كۆی گشتی

کۆی ئەو بڕە پارانەی کە لە ماوەی ساڵی 2023ـدا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی خەرجکردنی بەشێک لە شایستەکانی حکومەتی هەرێم بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵی، قەرزەکان، پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتە فیدراڵییە نانەوتییەکان، و داهاتی سافی نەوتی حکومەتی هەرێم تا بەرواری راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە (25ـی ئاداری 2023) دوای دانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، بریتی بووە لە حەوت ترلیۆن و 119 ملیار دینار (پێنج ملیار و 393 ملیۆن و 181 هەزار 818 دۆلار).

تێكڕای بڕی ماوه لە پشكی هەرێم بۆ ساڵی 2023 كە لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵە و تاوەکو ئێستا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەنێردراوه بریتییە لە نۆ ترلیۆن و 378 ملیار دینار (حەوت ملیار و 104 ملیۆن و 545 هەزار و 454 دۆلار).

تێبینی و روونکردنەوەکان
لە بڵاوکراوەکەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە کە نرخی هەژمێردراو بۆ دینار لە بەرامبەر دۆلار بریتییە لە 1,320.
سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران روونیکردووەتەوە، سەبارەت بە شایستەکان لە پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەرخانکردنی خەرجییە حاکمییەکانی، ئەو خەرجییانە بە پارەی نەختینەیی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دابین ناکرێت، بەڵکو بە شێوەی کەلوپەل هەژمار دەکرێن، هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان شایستە تەواوەکانی وەرنەگرتووە لە بەشەخۆراک و بابەتی دەرمان کە داتا و زانیاریەکان لە وەزارەتەکانی بازرگانی و پیشەسازی و تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەستە.

هەروەها جەخت لەسەر ئەوەشکراوەتەوە، تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی شایستە لە خەرجییە حاکمییەکان بە تەرخانکراوی مووچەی پێشمەرگەشەوە نەدراوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لە خاڵێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە: وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (25ـی حوزەیرانی 2023 تاوەکو 30ـی تشرینی دووەمی 2023) بڕی 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی وەزارەتی نەوت لە حکومەتی فیدراڵ کردووە بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەک لەلایەن وەزارەتی فیدراڵییەوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو بڕە رادەستکراوانە بدرێت و نەدانی شایستەی کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکان کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.
سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەوەشکردووە: داهات و خەرجییەکانی نەوتی و نانەوتی بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023 لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وردبینییان بۆ کرا، و هەماهەنگییەکان لە ئێستادا بەردەوامە لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوکردنی وردبینی شەش مانگی دووەمی ساڵی 2023 و راپۆرتێک پێشکەش کرا. ئەنجامی کۆتایی وردبینی بۆ تەواوی ساڵی 2023 بۆ حکومەتی فیدراڵی راپۆرت دەکرێت.

سەرجەم تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی ساڵی 2023 بۆ سەرجەم یەکەکانی ناو وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاراستەی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی فیدراڵی کراوە.

وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە (25ـی ئاداری 2023)ـەوە زیانی زۆری بە گەنجینەی فیدراڵی گەیاندووە و هەروەها زیانی گەورەی بە کۆمپانیا نەوتییەکانیش گەیاندووە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، زیانەکانی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.



PM:09:34:15/03/2024