لە کرماشان ژنێک لەگەڵ دایک و براکەی لەلایەن هاوسەری پێشوویەوە کوژران

ژنێکی لاوی خەڵکی شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ دایک و براکەی لە لایەن هاوسەری پێشویەوە کوژران. 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاندووە" ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو مریەم ڕەزمجوو خوێندکاری ساڵی یەکەمی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان، لەلایەن هاوسەری پێشوویەوە کوژرا". 

هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" تۆمەتبار لە ماڵی باوکی هاوسەری پێشووی بە چەک هاوسەری پێشووی، هەروەها دایک و برای ناوبراویشی کوشتووە". 

ئەوەشی خستەڕوو،، ئەو کەسە دوای ئەنجامدانی ئەو ڕووداوە، شوێنەکەی جێ هێشتووە و دوای چەند کاتژمێر دەستگیرکراوە. 

تائێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری سەرەکی ئەو ڕووداوە نییە، بەڵام میدیاکانی ئێران تەنیا ئاماژەیان بە"کێشەی خێزانی" لەو بارەیەوە کردووە.


PM:04:21:16/03/2024