دەمیرتاش و مزراکلی داوایەک لە ئەردۆغان و ئۆچ ئالان دەکەن

دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و مزراکلی سەرۆکی پێشووی شارەوانی دیاربەکر لە نامەیەکی هاوبەشدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دوو لایەنی سەرەکی دەتوانن چارەسەری کێشەی کورد بکەن، ئەوانیش ئەردۆغان و ئۆجەلانن.

لە نامەیەکدا کە لە زیندانی ئێدرنەوە بۆ کۆنفرنسی ئاشتی نێردراوە، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی گەلان (هەدەپە) و سەلچوک مزراکلی، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی دیاربەکر بۆچوونی خۆیان لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی بڵاوکردۆتەوە.

لەو نامەیەدا جەخت دوو بەرپرسە کوردە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە پێیویستە بە فەرمی باس لە چارەسەری کێشەی کورد بکرێت، پێویستە لایەنی فەرمی حکومەت بەشداربێت و ئەو کەسەش رەجەب تەیب ئەردۆغانە کە دەبێتە لایەنی یەکەم و لایەنی دووەمیش بریتییە لە عەبدوڵا ئۆجەلان کە پێشتریش بە فەرمی لەگەڵ حکومەت گفتوگۆی کردووە.

"کێشەیەکی رەگوریشەدار و ئاڵۆزی وەک کێشەی کورد تەنیا بە ئەردۆغان و ئۆجەلان چارەسەرناکرێت، بۆیە پێویستە هاوکات پەرلەمانی تورکیا، پارتەکانی ناو پەرلەمان، پارتە کوردییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کەسانی ئەکادیمی، رۆشنبیران، بزوتنەوەکانی ژنان و سەندیکاکان بەشداری بکەن."( هەردوو سەرکردە زیندانییەکە وا دەڵێن).

دەمیرتاش و مزراکلی لەبارەی ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی سوپای تورکیاش لە هەرێمی کوردستان، دەڵێن "ئەوانەی دەڵێن ئەم هاوینە خۆمان بۆ ئۆپراسیۆنی گەورە ئامادە دەکەین، با لەبری ئەوە بڵێن ئەم هاوینە دەرگا بەڕووی ئاشتییەکی گەورەدا دەکەینەوە، ئەمە سەرکەوتن دەبێت بۆ هەموو لایەک، ئەگەرنا رووبەڕووی کارەساتی زۆر گەورەتر دەبینەوە."

هەروەها دەشڵێن "ئێمەی سیاسییەکانی کورد لە تورکیا بۆ بەدەستهێنانەوەی مافی کورد رێگای ئاشتیی، دیموکراسی و سیاسییمان هەڵبژارد و وا ئێستاش باجی ئەوە دەدەین، سەرەڕای هەموو فشار، نادادی و کارە نایاسییەکانیش لەدژمان، لەگەڵ گفتوگۆ و دانوستانداین."

"کۆنفرانسی ئاشتیی" لەلایەن کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە دیاربەکر بەسترا و داوای چارەسەری کێشەی کورد و کۆتاییهێنان بە جەنگ کرا. بڕیار بوو لەیلا زانا، سیاسیی دیاری باکووری کوردستان بەشداری تێدا بکات و گفتوگۆی راستەوخۆی نوێنەرانی پارتی دەم و ئاکپارتیش ئەنجام بدرێت، بەڵام لەیلا زانا بەشداری نەکرد و گفتوگۆکەی نێوان ئاکپارتی و پارتی دەمیش هەڵوەشێندرایەوە.



PM:02:14:17/03/2024