وتەبێژی حکومەت بە ناراستەخۆ هێرشدەکاتە سەر بافڵ تاڵەبانی


وتەبێژی حکومەتی ( ماوە بەسەرچووی هەرێم) لەسەر " دادگای فیدراڵی و بڕیارەکانی بە ناڕاستەوخۆ هێرشدەکاتە سەر بافڵ تاڵەبانی و سەرکردەکانی یەکێتی و بە " خاک فرۆش " تاوانباریان دەکات.

پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئەمشەو ٢٢ ی ئازار لە راگەیاندنێکدا دەڵێت " لەبارەی مەحکەمەی نادەستوری و نا فیدراڵی! ئێمە هەموومان لەگەڵ سەروەری یاسا و دادگایەکی بێ لایەن و دەستورین. بەڵام تا ئێستا بە پێی دەستور، عێراق دادگایەکی دەستوری نیەو ئەو دادگایە بە نا دەستوری بەردەوامەو بڕیارەکانیشی نا یاسایی و نا دەستورین".

لەبارەی ئەو لایەنانەی کە لە کوردستان ئەو دادگایە بە دەستوری ناوزەد دەکەن، پێشەوا هەورامی دەڵێت" ئەوانەی لە کوردستان پشتگیری ئەم دادگایە دەکەن لە بەر ئەوەیە لە بەرژەوەندی ئەوان هەڵسوکەوت دەکات و بڕیاری نا دەستوری دەدات. بەڵام پێویستە خەڵکی کوردستان بزانێت کە خۆفرۆشان لایان گرنگ نیە چەند مافی دەستوری کوردستان بە دەستەوە دەدەن، بەهۆی ئەوەی ئەم بەناو دادگایە لە بەرژەوەندی ئەوان و دژی حکومەت بریار دەدات مافی دەستوری هەرێم پێشێل بکرێت".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، پێشەوا هەورامی دەڵێت" کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی بە شەرەفی کورستان بەرامبەر بە خاکفرۆش و ماف فرۆشان هەڵوێستی جدی وەرگرن و رووبەروویان ببنەوە".

ئەمرۆ بافڵ تاڵەبانی و چەند بەرپرسێکی یەکێتی لە لێدوانی جیاجیادا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە دادگای فیدراڵی دادگایەکی دەستورییەو بڕیارەکانی دەبێت جێبەجێبکرێت.

پارتی و یەکێتی و گۆڕان هاوبەشی ئەم کابینەیەی ئێستان و فەرمانگەو دەزگاکانیش دابەشکراوە بەسەر هەرسێ لایەندا، بەلآم زۆرجار بەرپرسانی حکومی کە لێدوان دەدەن، لێدوانی حزبی و دەژە یەک دەدەن و هێرشدەکەنە سەر یەکتر.



PM:09:47:22/03/2024