ئەپیکور: هیچ پێشنیازێكمان لەلایەن عێراق و هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت پێنەگەیشتووە

ئەپیکور لە راپۆرتیكدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ پێشنیازێكیان لەلایەن حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت پێنەگەیشتووە و دەڵێت" عێراق نزیكەی (١١) ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە لە راگرتنی نەوتی هەرێم، و رۆژانە ٨٠٠ هەزار دۆلار سزا دەدرێت".

 کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە (ئەپیکور) راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" یەک ساڵی تەواوە بۆریی نەوتی عێراق - توركیا داخراوە، راگرتنی كاریگەری كردووەتە سەر كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان و راگرتنی ٤٥٠٠٠٠ بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ بازاڕەكانی جیهان".
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە "بەردەوامیی راگرتنی هەناردەی نەوت بە ملیارەها دۆلار زیانی بە حكومەتی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت گەیاندووە".

ئاماژەی بەوەشداوە کە عێراق نزیكەی (١١) ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە لە راگرتنی نەوتی هەرێم، و رۆژانە ٨٠٠ هەزار دۆلار سزا دەدرێت، وهەروەها جەختی کردووەتەوە کە  داهاتی كۆمپانیاكانی بواری نەوت (٦٠%) كەمیكردووە.
 
لە راپۆرتەکەی ئەپیکوردا هاتووە" نە ئەپیكور و نە كۆمپانیا ئەندامەكانی هیچ پێشنیازێكیان لەلایەن حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت پێنەگەیشتووە".
 
ئەپیکور ئاماژە بەوە دەکات "هەر هەشت كۆمپانیای ئەندامی ئەپیكور پابەندی گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەپیكور بەردەوامە لە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیاوە".
 
ئاماژەی بەوەشداوە تاوەکو رۆژێك زیاتر راگرتنی هەناردەی بەردەوام بێت، زیاتر خەڵك و ئابووری و ناوبانگی وەبەرهێنانی عێراق زیانیان پێدەگات، و دەڵێت" حكومەتی عێراق هەنگاوی پێویستی نەگرتووەتەبەر بۆ كردنەوەی بۆریی نەوتەکە".
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان دەڵێت"  حكومەتی وڵاتانی كۆمپانیاكانی ئەپیكورمان هێناوەتە سەرهێڵ، بەتایبەتی حكومەتی ئەمریكا، بەهۆی ئەو پەیوەندییە تایبەتەی لەگەڵ حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیەتی، لەناویشیاندا بە قەبارەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی راستەوخۆی ئەمریكا لە سێكتەری وزەی هەرێمی كوردستان".
 
ئەپیکور ئاماژەی بەوەشداوە کە  بڕی یەک ملیار دۆلار قەرزی كۆمپانیاكانی ئەپیكور لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگیراوە.



AM:09:29:24/03/2024