بەردانەوەی ئاوی دوكان بۆ ناو شاری سلێمانی و دەورووبەری ڕاگیرا

بەهۆی ڕژانی ڕۆنی ڕەش لە تانكەرێك لەناو شارۆچكەی دوكان و مەترسی تێكەڵ بوونی بە ئاوی قەشقۆڵی و ئاوی خواردنەوەی دوكان- سلێمانی، بەردانەوەی ئاوی دوكان ڕاگیرا و بەهۆیەوە ئاوی خواردنەوەی بۆ سلێمانی و دەورووبەری ڕادەگیرێت.

سیروان سەرحەد، قائیمقامی قەزای دوکان ڕایگەیاندووە" لە گەڕەکی فەرمانبەرانی قەزای دوکان تانکەرێک کە ڕۆنی ڕەشی بارکردووە تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بووە، لە ئەنجامدا ڕۆنە ڕەشەکە تێکەڵ بە ئاوەڕۆی گەڕەکەکە بووە و لەوێشەوە ڕژاوەتە دەریاچەکەوە".

ئاشکراشیکردووە" تیمەکانمان لە بەرگریی شارستانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپاردووە، کە دەست بە پاککردنەوەی ئاوەکە بکەن و کێشەکە هێندەی نەماوە و چارەسەردەبێت".

ئاماژەی بەوەکردووە، داوامانکردووە بەردانەوەی ئاو بۆ ناو شاری سلێمانی و ناو دوکانیش ڕابگیرێت بۆ ئەوەی ئاوی پیس بە ماڵان نەگات تا ئەوکاتەی کێشەکە چارەسەردەبێت.

وتوشیەتی" داوامان لە پڕۆژەی ئاوی دوکان و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانیش کردووە دابەشکردنی ئاو ڕابگرن تاوەکو ئاوەکە پاکدەبێتەوە".


PM:04:31:25/03/2024