ئەو وردەکاریانەی پێشتر نەتزانیوە..چیرۆکی "گەندەڵی میدیا" لە هەرێمی کوردستان

هەرێمی کوردستانی عێراق لە قەیرانێکی دارایی خنکێنەردایە بۆ هاووڵاتیە ئاساییەکانی، ئەمەش بەو پێیەی حکومەتی هەرێم سێ مانگ دواکەوتووە لە پێدانی مووچەی ملیۆنێک و ٢٥٥ هەزار فەرمانبەر کە یەک لەسەر پێنجی دانیشتوانی هەرێم پێکدەهێنن کە نزیکەی شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسن.

ئەمەش بەهۆی کێشە ئیداری و داراییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر کە رێگربوو پشکی هەرێم لە بودجەی نیشتمانی بگاتە هەرێم، هەروەها وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوەو، کۆنترۆڵی لایەنە سیاسییەکان بەسەر دەروازە نانەوتییەکان بۆ هەرێم.
لە ناو ئەم قەیرانەدا، ئەندامانی چینی سیاسی بەشدار لە حوکمڕانی هەرێم، بڕێکی زۆر پارە خەرج دەکەن بۆ دامەزراندنی دامەزراوەی میدیایی نوێ و تایبەت، لە کاتێکدا حزبەکانیان خاوەنی دەیان دەزگای میدیایی هاوشێوەن، بەرامبەر ئەم دیاردەیە خەڵک توڕەن لە خەرجکردنی بڕە پارەیەکی زۆر لەو بوارەدا، لە کاتێکدا بەدەست نەبوونی مووچە و خراپی خزمەتگوزارییە حکومییەکانەوە دەناڵێنن.

زۆرێک لە چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێیانوایە دامەزراندنی دەزگای ڕاگەیاندنی نوێ سەر بە حزبەکان ئامرازێکە بۆ ڕاکێشانی ڕۆژنامەنووسان و کەسایەتییە سەربەخۆکان، ئەمەش گورزێکی گەورە لە ئایندەی دیموکراسی لە هەرێم دەدات، سەرۆکی دامەزراوەیەکی میدیایی سەربەخۆ، کە ڕەتیکردەوە ناسنامەکەی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت، "من تووشی کێشە بووم بەهۆی ئەوەی لایەنە باڵادەستەکان ئەندامانی ستافەکەمیان بردووە لەلای خۆیان مووچەی زۆر و یارمەتیی دیکەیان دەدەن، لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا ڕێکخراوە میدیاییە نوێیەکان کە لەلایەن حزبە کوردستانییەکانەوە دامەزراون، ٧ ڕۆژنامەنووسیان لە  دەگازکەمان راکێشاوە بۆ لای خۆیان”، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە بووە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە ساڵێک هەوڵدان بۆ ڕاهێنانی ئەم ڕۆژنامەنووسانە، دوای بەدەستهێنانی یارمەتییەکان و هاوکارییەکان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، بۆ دروستکردنی ڕۆژنامەگەری سەربەخۆ و پەیامنێری بێلایەن.”
لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەلعالەم ئەلجەدید، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا کە "زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ دەزگای ڕاگەیاندن هەن کە ٣٠ کەناڵیان ئاسمانین و ١٢٧ کەناڵی تەلەفزیۆنی ناوخۆیش هەیە، لە شارەکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهوک). ”
لە لێکۆڵینەوەکاندا ڕوون بۆتەوە ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ئەو کەناڵانەی حزب، مووچەی باشیان وەرگرتووە، بە بەراورد بە فەرمانبەرانی دەوڵەت، یان دامەزراوە میدیاییە سەربەخۆکانی هەرێم، بەو پێیەی مووچەی مانگانە بۆ هەندێکیان لە نێوان ٣ هەزار و ٥٠٠ بۆ ١٠ هەزار دۆلاردایە (مووچەی مامۆستایەکی زانکۆ کە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە)، لە زانکۆیەکی حکومیدا زۆرترین بڕی ١٤٠٠ دۆلار لە مانگێکدا وەردەگرێت ).

ئەو ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆیە ئاماژە بە بەڵگەنامەیەکی دزەپێکراوی بانکی بازرگانی هەرێمی (RT) دەکات کە مانگانە پارەیەکی زۆر بە ٣١ کارمەندی باڵای میدیای رووداو دەدرێن، کە تێیدا دەریدەخات مووچەیەکی زۆر دەدرێت بە فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن کە پەیوەندییان بە حزبەکانەوە هەیە، کە بڕەکەی لە نێوان ٤ هەزار بۆ ٣٠ هەزار دۆلارە لە مانگێکدا.

"رووداو” ی نێچیرڤان بارزانی

"رووداو" کە لە ساڵی ٢٠١٢ دامەزراوە، بەناوبانگترین دەزگای میدیاییە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ماڵپەڕی هەواڵی بە( زمانی ئینگلیزی، کوردی، و عەرەبی) هەیە لەتەک سەنتەرێکی توێژینەوەی سیاسی و ڕادیۆ و کەناڵێکی ئاسمانی. ئەم میدیایە لە کاتێکدا بانگەشەی بێلایەنی دەکات، کەس گومانی نییە لە پەیوەندیی کەناڵەکە بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە.

"رووداو” پەیوەندی بە دامەزراوە میدیای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەیەو، لەلایەن ئەو پارتەوە پارەیان بۆ دابینکراوە بە( دەزگاکانی کوردستان و زاگرۆزیشەوە)، بەڵام مەسعوود بارزانی، بەرپرسی حزبەکە و سەرۆکی پێشووی هەرێم، کەمتر گرنگی بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نزیک لە حزبەکە دەدات بە بەراورد بە نێچیرڤان بارزانی کە هەست بە پێویستی ئەو جۆرە میدیایە دەکات بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لەناو حزب و لە هەرێمی کوردستاندا، بەگوێرەی سەرچاوە حزبییەکان کە قسەیان لەگەڵ ( ئەلعالەم الجدید )دا کردووە، ئەو سەرچاوەیە دووپاتیکردەوە کە ئەو لە ڕێگەی دەستڕاگەیشتن بە بودجەی سیاسی حزبەکەی کە لە چالاکییە ئابوورییەکانی کۆمپانیای ( کار ) و کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە دەستیدەکەوێت، دامەزراندن و بەڕێوەبردنی دامەزراوەکەی دابینکردووە،
ئەمەش وا دەکات کەناڵەکە گرنگییەکی تایبەت بە نێچیرڤان و چالاکییە سیاسی و حکومی و کۆمەڵایەتییەکانی لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق بدات.

سەرچاوەکان تێچووی خەمڵێنراوی دامەزراندنی کەناڵەکەیان بە "بڕێک لە نێوان ١٠ بۆ ١٢ ملیۆن دۆلار خەمڵاندووە"، کە ئامێر و ئۆفیس و کرێی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی ڕاوێژکاری میدیایی، تێدایە، لە کاتێکدا مووچەی خەمڵێنراو بۆ ١٥ بەڕێوەبەر و پەیامنێر و ڕۆژنامەنووس گەیشتووەتە نێوان ٤ هەزار بۆ ٣٠ هەزار دۆلار، لە کاتێکدا باقی کارمەندەکان کە ژمارەیان لە نێوان  تا ٣٠٠ بۆ ٢٥٠ کارمەندایە، مانگانە بڕە پارەیەک لە نێوان هەزارو ٥٠٠ دۆلار بۆ ٣ هەزار دۆلار وەردەگرن، لە کاتێکدا تێچووی مەزەندەکراوی پەخشکردن بڕکەی لە:  نێوان ٨هەزار بۆ ١٠ هەزار دۆلار دایە بۆ هەر مانگێک”، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەداوە کە "بەڕێوەبەری گشتی کەناڵەکە ئاکۆ محەمەدە کە لە نێچیرڤان بارزانی نزیکە”.

 حەزی لە کەناڵەکەی باوکی نەبوو، بۆیە "ئاڤا میدیا”ی دامەزراند:

ئارین، کوڕی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەنیازە کەناڵێکی نوێی ئاسمانی  دروست بکات بە ناوی "ئاڤا”، وەک بەشێک لە دامەزراوەیەکی میدیایی کە هەمان ناوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی باوکی بۆ کێبڕکێ لەگەڵ " ڕووداو” کە خاوەنەکەی نێچیرڤانی ئامۆزایەتی و، بۆ جوانکردنی وێنەی خۆی لای لایەنگرانی ئەو حزبە و لەناو هەرێمدا.
مەسرور بارزانی کە ئێستا خاوەنی کەناڵیکی ترە بە ناوی کوردستان (K24) کە لە ساڵی ٢٠١٥ دامەزراوە و بە تایبەتی گرنگی بە چالاکییەکانی خاوەنەکەی مەسرور بارزانی دەدات، هەروەها لە ڕووی چالاکی و ڕووماڵ و خەرجییەکانەوە ڕکابەری کەناڵی "رووداو” دەکات، بە وتەی یەکێک لە سەرچاوەکان، کە خەرجیەکانی مانگانەی نزیکەی دوو ملیۆن دۆلارە.

سەرچاوەکان بۆ ( ئەلعالەم الجدید ) ئاشکرایدەکەن کە "تێچووی دامەزراندنی کەناڵەکە لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ ملیۆن دۆلارە، لەکاتێکدا مووچەی مەزەندەکراوی ١٥-٢٠ بەڕێوەبەر و پەیامنێر و ڕۆژنامەنووس لە نێوان ٤ هەزار بۆ ١١ هەزار دۆلارە، کارمەندەکانی دیش لە نێوان ٤ هەزار بۆ ١١ هەزار دۆلارە کە ژمارەیان لە نێوان ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ کەسە، کە ئەوانیش هەزارو ٥٠٠ دۆلار بۆ ٢ هەزارو ٥٠٠ دۆلار وەردەگرن.” لە کاتێکدا تێچووی پەخشی مەزەندەکراو بریتییە  ٨ هەزار تا ١٠ هەزار دۆلار لە مانگێکدا. پۆستی بەڕێوەبەری گشتی کەناڵەکەش ئەحمەد زاوێتی، پەیامنێری پێشووی کەناڵی جەزیرەیە لە هەولێر .
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، " کوڕی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەم کەناڵە ڕازی نەبوو و دەستیکرد بە دامەزراندنی "ئاڤا میدیا"، هەر بەو هۆیەشەوە ڕۆژنامەنووسێکی پێشووی لە تۆڕی میدیایی ڕووداو (HL) دامەزراند بۆ بنیاتنانی کەناڵەکە و بەڕێوەبردنی، چونکە "ئاڤا میدیا" لە ئێستاوە خاوەنی ژمارەیەک کەناڵی کات (بەسەربردنە ، تسلیه)یە، کارمەندەکانی ژمارەیان  ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ کارمەندە، مووچەی مانگانەیان لە هەزارو ٥٠٠ سەد دۆلار ٥٠ هەزار دۆلار مەزەندە دەکرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکات کە "ئەوە تێچووی ئاڤا میدیا، هەمان بڕی خەرجکراو بۆ K24.”

سەبارەت بە دەستڕاگەیشتن بە پارە، لەڕێگەی فەرمانگەی دارایی پارتی دیموکراتی کوردستانەوەیە، کە خاوەنی سەروەت و سامانی تایبەتە وەک پاڵاوگەی "لانا” کۆمپانیای ( ستێرک ) کە لە جۆرەها بواری بازرگانی هەرێمی کوردستان و باقی عێراقدا کاردەکات ، بەپێی زانیاری سەرچاوەکان.

تێکەڵەیەکی میدیایی سەیر لە  یەکێتیدا :

سەرچاوەکان ئاماژە بە " سووربوونی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەکێتی) دەکەن بۆ کردنەوەی کەناڵێکی نوێی ئاسمانی بە ناوی "کەناڵی ٨”، سەرەڕای ئەوەی کە یەکێتی لە ئێستادا خاوەنی چەندین دامەزراوەی میدیایی کاریگەرە و لە ژێر کۆنترۆڵی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حزبەکەدایە، لەو کەناڵانە: کوردسات و گەلی کوردستان، کەناڵی  کەرکوک، کەناڵی "خاک” کە تایبەتە بە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، هاوسەری کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی، هەروەها کەناڵی ( مەسار) بە زمانی عەرەبی، بەو پێیەی کوردسات بە پێشکەوتووترین دادەنرێت لەژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی بنەماڵەی تاڵەبانیدایە”.

ماوەیەک پێش ئێستا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، پوری پاڤڵ و هاوسەری سەرۆک کۆماری ئێستا عەبدوللەتیف ڕەشید و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، نفوزی خۆی بەسەر "کوردسات”دا سەپاندو کوڕەکەی، دێرین لەتیف ڕەشیدی، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە کرد بە بەڕێوەبەری کوردسات، بەپێی سەرچاوەیەک لەو کاتەدا کە کرا بە بەڕێوەبەر نزیکەی دوو ملیۆن دۆلاری لە ئابووری یەکێتی نیشتمانی پێدراوە، بە ئامانجی باشترکردنی کارایی کەناڵەکە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، بودجەی کوردسات بەشێوەیەکی گشتی لەڕێگەی فەرمانگەی سەرەکی دارایی حزبەوەیە کە ئیدارەی گشتی یەکێتیە، بەڵام شاناز ئێستا خەریکی دابینکردنی بودجەی زیاترە بۆ کەناڵەکە و لەگەڵ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی کوڕەکەی، کوردسات گرنگی بە چالاکییەکانی هاوسەرەکەی کە سەرۆک کۆماری عێراقە، بەبێ ئەوەی هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک لەسەر ئەگەری دابینکردنی بودجە هەبێت بۆ کەناڵەکە لەلای ئەوەوە.

لەو چوارچێوەیەشدا بافڵ تاڵەبانی کاری کرد بۆ دامەزراندنی "کەناڵی 8” بۆ گەورەکردنی وێنەی خۆی لە نێو لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەروەها بۆ ئەوەی ڕکابەری کەناڵی "کوردستان 24”ی مەسرور و کەناڵی "رووداو”ی نێچیرڤان بکات.

ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکەوە دەستیان کەوتووە، ئاماژە بەوە دەکەن کە "کەناڵی 8 لە بنەڕەتدا پڕۆژەی ڕکابەری پێشووی لاهور شێخ جەنگی بووە لە ژێر ناوی: " ئای پڵەس”، ئاماژەیە بۆ ئەوەی "ئەمەی دووەمیان، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بەهێزکردنی وێنەی خۆی وەک سەرۆکی حزبەکە، نزیکەی ٥ ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە بۆ دروستکردنی کەناڵی (I Plus)، بۆ بەکرێگرتن، کڕینی ئامێرەکان، ڕاهێنان، دروستکردنی ئۆفیس، و بەشێک لە کرێی پەخشکردن و، بەهۆی سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە داراییەکان لە یەکێتی نیشتیمانی، نەیارەکانی تۆمەتباری دەکەن بەوەی داهاتێکی زۆری لە چالاکی قاچاخ لە دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران بەدەست هێناوە، هەروەها دەستی بەسەر زەوییە بازرگانییەکانی شاری سلێمانیدا گرتووە”.

سەبارەت بە خەرجییەکانی لاهور بۆ "ئای پڵەس”، بەرپرسێکی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ "العلام الجدید” ڕوونیکردەوە، کە "لاهور جەنگی نزیکەی ١٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ کۆمپانیای ئای پڵەس خەرجکردووە، ئەو پارەیەش لە پارەی ئیدارەی گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە، ئەو پارەیە خەرجکراوە، بەڵام بەبێ هیچ ئەنجامێکی بەرچاوی ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییەمان نەبینی کە بڕیار بوو خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و خەڵکی سلێمانی بکات، تەنانەت بۆ یەک چرکەش بێت”.

دوای لابردنی لاهور، لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١، بافڵ تاڵەبانی دەستی بەسەر ئۆفیسەکانی "ئای پڵەس”دا گرت و دەستی بەسەر کەلوپەلەکاندا گرت و بەڕێوەبەرە سەرەکییەکانی کەناڵەکەی لە کارەکانیان دوورخستەوە و ناوی کەناڵەکەی گۆڕی بۆ "کەناڵی هەشت” (ئاماژە بۆ مانگی حوزەیران رۆژی(٨)، ئەو ڕۆژەی کە بافڵ لاهوری دوورخستەوە لە پۆستی هاوسەرۆکایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان)و بەرپرسانی دڵسۆزی نزیکی خۆی بۆ دانا، ئەو کارمەندانەی کە بافڵ تاڵەبانی دایمەزراندن ئێستا لەلایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی ڕاگەیاندنەوە ڕاهێنان وەردەگرن، لەکاتێکدا ئەمانە چالاکییەکان لە ڕێگەی ئۆفیسی دارایی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە دابین دەکرێن کە ئێستا بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی بافڵدایە.

سەرچاوەکان ئاشکرای دەکەن "مووچەی ١٥ فەرمانبەرە سەرەکییەکە لە نێوان پێنج هەزار بۆ ١٠ هەزار دۆلارە لە مانگێکدا، لە کاتێکدا باقی فەرمانبەران کە پێشبینی دەکرێت بگاتە نزیکەی ٢٥٠ کارمەند، لە نێوان ١ هەزارو ٥٠٠ دۆلاردایە. سەبارەت بە تێچووی مەزەندەکراوی پەخشەکە، مانگانە لە نێوان ٨ هەزار بۆ ١٠ هەزار دۆلاردایەو، لەلایەن ئەحمەد نجم کە دڵسۆز بۆ تاڵەبانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەناڵەکە دەکرێت.”

کەناڵە نوێکەی لاهور

سەرەڕای پچڕانی پارەی سیاسی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) و سەرچاوەکانی داهاتی لە هەرێم، لاهور شێخ جەنگی لەم دواییانەدا کەناڵێکی میدیای بە ناوی "زووم”ەوە کردەوە، ژمارەی کارمەندەکانی نزیکەی ٤٠ کەسە لەگەڵ مووچەی مانگانە لە نێوان هەزار بۆ ٢ هەزار دۆلاردایە، بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ئەو پارەیەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پارەیەی خاوەنەکەی کۆیکردۆتەوە، کاتێک هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە، هەروەها ئەو پارەیەی بۆ پێدانی مووچەی پاسەوانەکانی کە١٥٠ کەسن.

سەرچاوەکان دەشڵێن، "لاهور ویستویەتی دەزگای  ڕاگەیاندنەکەی بە بچووکی بهێڵێتەوە، لە ترسی ئەوەی نەک جارێکی دیکە لەلایەن بافڵ تاڵەبانی ڕکابەرەکەیەوە بکرێتە ئامانج و دەستی بەسەردا بگیرێت، وەک ئەوەی لەگەڵ ئای پلەسدا ڕوویدا".

SbayTV ی کوڕی نەوشیروان مستەفا

کەناڵێکە خاوەندارێتی نما کوڕی نەوشیروان مستەفایە، کە لە ساڵی ٢٠٠٩ بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند، کە پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی بوو تا ساڵی ٢٠١٩ تەحەدای دوولایەنەی دوو پارتی دیموکراتی/یەکێتی نیشتمانی دەکرد. لەدوای ئەو بەروارەوە ئەو دوو حزبە توانیان ئەو هەژموونە جەماوەریەی لاواز بکەن و قورسایی خۆی لە دەستدا.

ڕێکخراوی میدیایی "گۆڕان” و کەناڵی "تۆڕی هەواڵی کوردستان”ی بزوتنەوەکە، کەناڵی (KNN)، ڕۆڵێکی گەورەیان بینی لە کۆکردنەوەی توێژێکی زۆری دانیشتوانی کورد لە عێراق دژی گەندەڵی و حوکمی بنەماڵەیی دوو حزبە سەرەکییەکەی کوردستان بۆ ماوەی نزیکەی دە ساڵ.

دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ٢٠١٧، بزووتنەوەکە و میدیاکانی و سەرچاوە ئابووری و سیاسییەکانی کەوتە ژێر کۆنترۆڵی دوو کوڕەکەی نۆشیروان: "نما” و "چیا”، هەرچەندە بزووتنەوەکە سەرکردەیەکی فەرمیی هەیە بە ناوی "عومەر سەعید عەلی”، بەڵام ئەوان خاوەنی ڕاستەقینەی دەسەڵاتن لە حزبەکەدا، دوای ئەوەی سەروەت و سامانی بزووتنەوەیان بە میرات بۆ ماوەیەوە کە پێکدێن لە:

– گردەکەی گۆڕان (ڕووبەری زەوی ١٢٢ دۆنم، بەهای نزیکەی ٦٠٠ ملیۆن دۆلارە).

– پشکی لەسەدا ٥٠ لە کۆمەڵگەی بازرگانی میترۆ لە ناوەندی شاری سلێمانیدایە.

- پشکی لەسەدا ١٥ ی لە کارگەیەکی گەورەی چیمەنتۆ لە سلێمانی بە ناوی "گاسن ”، کە بەهای پشکی گۆران نزیکەی ٤٠ ملیۆن دۆلارە، قازانجی ساڵانەی بە نزیکەی ٢،٢ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

بەشێک لەو پارەیە بۆ دابینکردنی بودجەی کەناڵی KNN، و دامەزراوە میدیاییەکانی دیکەی سەر بە بزووتنەوەی "گۆڕان” دەچێت، بەڵام دیارترین بەشەکەی لەم دواییانەدا بۆ دامەزراوەی سبەی تەرخانکراوە.

میدیای سبەی لەلایەن توانا عوسمان، ڕۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای ڕاگەیاندنی نالیا، سەر جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بە سەرۆکایەتی سیاسەتمەدار و بازرگان شاسوار عەبدولواحید بەڕێوەدەبرێت.

دامەزراوە و ئەکاونت و پەیجەکانی میدیا کە لەلایەن حزبەکانەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت

جگە لە دامەزراوە نوێیەکانی میدیا، هەردوو پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) و یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەکێتی) خاوەنی دەیان دەزگای میدیایی کاریگەرن (ماڵپەڕ، ئاژانسی هەواڵ، ڕۆژنامە، گۆڤاری ڕۆژانە و هەفتانە، هەروەها پەیجی سۆشیال میدیا) ، کە مانگانە بە مەزەندەکردنی ٣ بۆ ٤ ملیۆن دۆلاری تێچووی هەردوو لایەنەکەن بۆ ئەو میدیایانە.

ھەردوو لایەن ھەزاران کەس دادەمەزرێنن، مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی مانگانە لە ھەزار دۆلار بۆ هەزار و ٥٠٠ دۆلارە و بۆ بەڕێوەبەرانیش ٢ ھەزار بۆ دوو ھەزار و ٥٠٠ دۆلارە.

لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٠ پلاتفۆرمی فەیسبووک ٣٢٤ پەیج و ٧٢ ئەکاونت و ٥ گروپ و ٣١ ئەکاونتی لە ئینستاگرامی سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانی کەنسڵ کرد، ئەو پەیج و ئەکاونتانە خاوەندارێتیان دەگەڕایەوە  سیاسەتمەدارە ناوخۆییەکان و لایەنە سیاسییەکان، بە ئامانجی هێرشکردنە سەر نەیاران و گەمەکردن بە ڕای گشتی.

پلاتفۆرمی فەیسبووک ڕایگەیاند، لەو کاتەدا کە بەدواداچوونی بۆ کۆمپانیاکە پەیج و ئەکاونتانە کرد خاوەندارێتی گەڕایەوە بۆ "کەسانێک کە پەیوەستن بە دەزگای زانیاری (کە ئاژانسی هەواڵگری یەکێتی نیشتمانی کوردستانە کە لاهوو شێخ جەنگی زۆرترین کاریگەری هەبووە) ”، بەڵام ئەم جۆرە چالاکییانە تەنیا لە لاهور نەماوەتەوە، بەڵکو زۆربەی ئەندامانی چینە سیاسیەکە لە پارێزگاکانی هەرێمدا بڕە پارەیەکی زۆریان لە دامەزراندنی "میدیای هاوتەریب”دا خەرج کردووە، وەک دوو براکە، پاڤێڵ و قوباد تاڵەبانی و ئامۆزەکەیان، هەروەها هەردوو ئامۆزا مەسرور و نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ سەرکردە سیاسی و ئەمنییەکانی دیکەی هەردوو حزب کە سەدان پەیج و ئەکاونتی ساختەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دروستکردووەو پارەیان بۆ دابینکردووە، بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆیان و دژایەتیکردن و پاکتاوکردنی نەیارەکانیان، بەرامبەر پاداشتێک بۆ ئەو کارمەندانەی کاری تێدا دەکەن کە  هەندێکجار مانگانەیان ٢٥٠٠ دۆلارە.

تێبینی: ئەم راپۆرتە لە میدیای عێراق ( العالم الجدید ) ەوە وەرگێردراوەتە سەر کوردی کە میدیایەکی ناسراوی عێراقییە

دەقی راپۆرتەکە لە سایتە عێراقیەکەوە



AM:01:34:26/03/2024