گرنگترین سوودەکانی ئاو خواردنەوە

ئاو خواردنەوە یەکێکە لە باشترین ڕێگاکان بۆ پاراستنی تەندروستی جومگە و ماسولکەکان و کەمکردنەوەی ئازار و باشترکردنی جووڵە، لەبەرئەوەی ئاو پێکھاتەیەکی گرنگە بۆ لەشی مرۆڤ و لە ٧٠٪ی پێکهاتەی جەستە پێکدەهێنێت، یارمەتی سوڕی خوێن دەدات، پاشەڕۆی لەش دەکاتە دەرەوە و  قەبزی ناھێڵێت. 

خواردنەوەی ئاو پێش نان خواردن دەبێتە ھۆی ئەوەی شەهیەتی نانخواردنت کەمتر بێت، بەتایبەت لە کەسێکدا بیەوێت کێش دابەزێنێت، جگە لەوەی وشکبوونەوەی خانەکانی لەشی مرۆڤ کاریگەری زۆر خراپی ھەیە لەسەر لەشی مرۆڤ، ھەندێک جار دەبێتە ھۆی سەرئێشە و ئازاری ھەموو جەستە، گرژی ماسولکەکان، ھەروەھا کاریگەریەکی خراپی ھەیە لەسەر ووشکبوونەوەی دیسکی بڕبڕەکانی پشت و ڕێژەی لینجی جومگەکان، جگە لە کاریگەریەکانی تری ئاو.

هەرچەندە خواردنەوەی ئاو زۆر گرنگە، بەڵام یەکێک لە کێشە گەورەکان ئەوەیە کە ڕێژەیەکی زۆری خەڵک ئاو بە ڕێژەی پێویست ناخواتەوە و ڕقی لە ئاو خواردنەوەیە.

هەروەها دکتۆرە ھەڤین کەمال شا محەمەد پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج، چەند ڕێگا چارەیەک باسدەکات کە دەتوانرێت جێبەجێبکرێت  بۆ ئەوەی ڕێژەی خواردنەوەی ئاو زیادبکەیت ڕۆژانە: 

- ھەوڵ دە تام زیادبکەیت بۆ ئەو ئاوەی دەیخۆیتەوە ، وەکو زیادکردنی دوو سێ قەترە ئاوی پرتەقاڵ یاخود لیمۆ ، یاخوود ھەندێ گژووگیا بۆ ئاوەکە بۆ ئەوەی تامێکی بۆ زیاد کات پێت بخورێتەوە.

- ئەنجامدانی ھەندێ وەرزش کە ھەستی تینویەتی زیاد دەکات و وات لێدەکات ئاو زیاتر بخۆیتەوە، بەشێوەیەکی سروشتی، وەکو ڕۆشتنی خێرا یاخود ڕاکردن.
 
- خواردنی سوپ و شۆربا کەڕێژەیەکی زۆر ئاوی تیادایە، بەڵام دەبێت دوورکەوینەوە لەو جۆرانەی کە خوێی زۆری تێدایە، چونکە کالۆری زۆریان تیادایە.

- ئەتوانیت لەڕێگای زیادکردنی خواردنی ئەو میوانەی کە ئاویان زۆرە وەکو شووتی ، پرتەقاڵ ، کاڵەک، ھەروەھا خواردنی ئەو سەوزانەی ئاویان زۆرە، وەکو خەیار، تەماتە، کاھوو.

- ئەنجامدانی ھەندێ ڕێگا بۆ وەبیرھێنانەوەی کاتی ئاوخواردن وەکو ھەندێ تەتبیقاتی سوودبەخش لە مۆبایلەکەتدا کە بیرت ئەخاتەوە کاتی ئاو خواردن.

- بەکارھێنانی کوپی ڕەنگاوڕەنگ و سەرنج ڕاکێش بۆ ئاو خواردنەوە ، بۆ ھاندانی ئاو خواردنەوە.

- خواردنەوەی ئەو خواردنەوانەی ڕێگری دەکەن لە ووشکبوونەوەی خانەکانی لەش وەکو شیر، شەربەتی فرێش، چای بێ کافایین.

چ کاتێک باشترین کاتە بۆ ئاو خواردنەوە؟ 

- دوای ھەستان لە خەو.  

- نیو کاتژمێر پێش نانخواردن.

- پێش وەرزش و دوای وەرزش. 

- کاتی برسیەتی نێوان ژەمەکان. 

- لە کاتی بێھێزی و نەخۆشی و ھەموو ئازارێک بە گشتی و سەرئێشە بە تایبەتی.


AM:10:30:27/03/2024