یوسف محەمەد: بە بەشداری نەکردنی پارتی لە هەڵبژاردن مەترسی ئەوە هەیە هەرێم بە تەواوی دوو لەت بێت


سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات کە پارتی فشار دەکات بۆ ئەوەی بارودۆخی خۆی لە هەڵبژاردن مسۆگەر بکات بەر لەوەی بەشداری هەڵبژاردن بکات و دەڵێت" بە بەشداری نەکردنی پارتی لە هەڵبژاردن مەترسی ئەوە هەیە هەرێم بە تەواوی دوو لەت بێتەشداری نەکردنی پارتی مەترسی ئەوەی لەسەرە هەرێمی کوردستان بە تەواوی دوو لەت ببێت".

دکتۆر یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئەوەی من دەیبینم پارتی فشار دەکات بۆ ئەوەی بارودۆخی خۆی لە هەڵبژاردن مسۆگەر بکات بەر لەوەی بەشداری هەڵبژاردن بکات، هەم لە ژمارەی کورسی، چونکە زیاترین سود مەند لە ١١ کورسی پێکهاتەکان پارتی بووە، وە هەژماری منیش زۆر لەلایان گرنگە پێم وایە ئەگەر ئەم دوو داواکاریەیان بۆ جێبەجێ ببێت، بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، ئەگەر نا بە دوری نازانم بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن، بەمەش دۆخی هەرێم دەچێتە قۆناغیکی ترەوە".

" کێشەکە لە بەشداری نەکردنی پارتیدا نییە، کێشەکە ئەوەیە کە زۆنێکی گەورەی هەرێمی کوردستان واتە دوو پارێزگا لە ڕووی ئەمنی و چەکداری و هەواڵگری لەلایەن ئەو هێزەوە کۆنتڕۆڵکراوە، ئەمە لاسەنگیەکە دروست دەکات. بە بەشداری نەکردنی مەترسیەکە لەوەیە هەرێمی کوردستان بە تەواوی دوو لەت ببێت". ( سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وای وت).

دکتۆر یوسف محەمەد ئاماژەی بەوەشداوە "مەحاڵ نییە" پارتی لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی هەرێم بمینێتەوە.

دکتۆر یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت " کێشەکە لە بەشداری نەکردنی پارتیدا نییە. لە هەڵبژاردنی پێشوو سەدریەکان بەشداری حوکمڕانی نەبوون، بەڵام حوکمڕانی لە عێراق بەردەوامە". 

هەرچەندە دوا وادە بۆ تۆمارکردنی ناوی لیست و قەوارەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی هەرێمدا تا ٣١ی ئەم مانگە درێژکراوەتەوە جگە لە پارتی و بەشێک لە کەمایەتیە نەتەوەیی و ئاینیەکان، لایەنەکانی تر ئامادەییان بۆ هەڵبژاردن دەربڕیوە. بەشێک لەلایەنەکان بەشێوەی سەربەخۆ و بەشێکیان بەشێوەی هاوپەیمانێتی لە کۆمسیۆن ناوی خۆیان تۆمارکردووە.



AM:11:31:30/03/2024