بانگەشەی هەڵبژاردن لە تورکیا ئێوارەی ئەمڕۆ کۆتایی دێت

لە کاتژمیری ٦ی ئێوارەی ئەمڕۆوە بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی دێت و دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەڵێت" سەرجەم دامەزراوەکانی راگەیاندن لە کاتژمێر ١٨:٠٠ ئەمڕۆوە تاوەکو ئەو کاتەی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان بە راگەیێندراو رێگەیان پێدەدات، مافی ئەوەیان نییە هەواڵ، راپۆرت، شیکاری، راپرسی و هەر بابەتێکی دیکە بڵاوبکەنەوە کە پەیوەندیی راستەوخۆی بە هەڵبژاردنەوە هەیە."

دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند" کاتژمێر ١٨:٠٠ی  ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ئازار، هەموو بانگەشەیەکی هەڵبژاردن کۆتایی دێت". 
 
وەک لە بڕیارەکەدا هاتووە، لایەنە سیاسییەکان و بەربژێرەکان مافی ئەوەیان هەیە بانگەشەی هەڵبژاردن لە گۆڕەپانەکان و راگەیاندنەکاندا تاوەکو کاتژمێر ١٨:٠٠ بکەن، بەڵام لە یەکەم کاتژمێری بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بڵاوکردنەوەی رێکلامی سیاسی لە هەموو دەزگاکانی راگەیاندن قەدەخەی. 
 
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەڵێت" سەرجەم دامەزراوەکانی راگەیاندن لە کاتژمێر ١٨:٠٠ ئەمڕۆوە تاوەکو ئەو کاتەی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان بە راگەیێندراو رێگەیان پێدەدات، مافی ئەوەیان نییە هەواڵ، راپۆرت، شیکاری، راپرسی و هەر بابەتێکی دیکە بڵاوبکەنەوە کە پەیوەندیی راستەوخۆی بە هەڵبژاردنەوە هەیە."
 
هەڵبژاردنەکە لە شارەکانی باکووری کوردستان و چەند شارێکی تورکیا کاتژمێر ٧ی بەرەبەیان و لە شوێنەکانی دیکەش کاتژمێر ٨ی بەرەبەیانی رۆژی ٣١-٣-٢٠٢٤ دەست پێدەکات. ئەو شوێنانەی هەڵبژاردن تێیاندا کاتژمێر ٧ دەستپێدەکات، کاتژمێر ٤ پڕۆسەکە کۆتایی دێت و لەو شوێنانەش کاتژمێر ٨ هەڵبژاردن دەستپێدەکات، پڕۆسەکە تاوەکو کاتژمێر ٥ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.  
 
لە تورکیا و باکووری کوردستان ٣٠ گەورە شارەوانی، ٥١ شارەوانیی شارەکان، ٩٧٣ شارەوانیی قەزاکان و ٣٩٠ شارەوانیی ناحیەکان هەن؛ ٢٠ هەزار و ٧٤٥ ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و ٢٧٢ ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها ٥٠ هەزار و ٣٣٦ موختار هەڵدەبژێردرێن.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ـی ئازاری ٢٠٢٤دا لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا ٦١ ملیۆن و ٤٤١ هەزار و ٨٨٢ کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە ٥٠.٥٩٪ی دەنگدەران مێن و ٤٩.٤١٪یشیان نێر. ١ ملیۆن و ٣٢ هەزار و ٦١٠ کەسیش یەکەمجارە دەنگ دەدەن. 
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠١٩دا ئاکپارتی ١٥ گەورەشارەوانی، جەهەپە ١١ گەورەشارەوانی، هەدەپە ٣ گەورەشارەوانی و مەهەپە ١ گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.



PM:12:22:30/03/2024