ئەمڕۆ وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکانی هەڵبژاردن کۆتایی دێت
پارتی تا ئێستا ناوی کاندیدەکانی نەناردووە

وادەی پێشکەشکردنی لیستی کاندیدی پارت و هاوپەیمانییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت و تا ئێستاش پارتی ناوی کاندیدەکانیان پێشکەش نەکردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤، ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدی پارت و هاوپەیمانەکان دەستنیشانی کردووە بە مەبەستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، بەڵام تا ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان لیستی ناوەکانی پێشکەش نەکردووە، لە کاتێکدا بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت کە ١٠ی حوزەیرانی داهاتووە.

لای خۆشیەوە، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆن ڕایگەیاند" لە هەولێر یەک هاوپەیمانییەتی، سێ پارت، ١٧ کاندیدی سەربەخۆ. لە سلێمانی یەک هاوپەیمانییەتی، دوو پارت، ٢١ کاندیدی سەربەخۆ و لە دهۆکیش دوو هاوپەیمانییەتی، دوو پارت و ١٥ کاندیدی سەربەخۆ. هەروەها لە هەڵەبجە دوو هاوپەیمانییەتی، یەک پارت ناوی کاندیدەکانیان پێشکەشکی کۆمسیۆن کردووە".


AM:10:17:31/03/2024