سەربەست لەزگین: هەڵوێستی پارتی نەگۆڕاوە و بەشداری هەڵبژاردن ناکەین

 ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند" هەڵوێستی پارتی نەگۆڕاوە و بەم شێوەیەی ئێستا بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین"، وتەبێژی کۆمیسیۆنیش ئاماژە بەوەدەکات وادەی وەرگرتنی لیستی کاندیدان درێژ ناکرێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤، سەربەست لەزگین، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و به‌رپرسی مه‌كته‌بی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆک، لە لێدوانێکی لەگەڵ میدیایی ( پارتی) ڕایگەیاند" هەڵوێستی پارتی نەگۆڕاوە و جەخت لە دوایین ڕاگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی خۆمان دەکەینەوە و بەم شێوەیەی ئێستا بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین".

دەشڵیت" داوامان لە کۆمیسیۆن نەکردووە وادەکە درێژ بکاتەوە؛ ئەمڕۆ لیستی کاندیدانمان پێشکەشی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناکەین".

سەبارەت بە هۆکاری بەشدارینەکردنیان لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە " دوایین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی کورسیی کۆتاکان و پرسی مووچەی فەرمانبەران؛ بە تەواوەتی دژی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانن و ئامانجیان لاوازکردنی ئەم قەوارە دەستوورییەیە، بۆیە ڕەتیان دەکەینەوە".

ئەو قسانەی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" وادەی وەرگرتنی لیستی کاندیدان درێژ ناکرێتەوە، تاوەکو ئێستا هیچ داواکارییەکی فەرمیی بۆ دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشی کۆمیسیۆن نەکراوە و پابەندن بۆ کردنی هەڵبژاردنەکە لە ١٠ی حوزەیرانی داهاتوو".

 راشیگەیاند"  لە هەولێر یەک هاوپەیمانییەتی، سێ پارت، ١٧ کاندیدی سەربەخۆ. لە سلێمانی یەک هاوپەیمانییەتی، دوو پارت، ٢١ کاندیدی سەربەخۆ و لە دهۆکیش دوو هاوپەیمانییەتی، دوو پارت و ١٥ کاندیدی سەربەخۆ. هەروەها لە هەڵەبجە دوو هاوپەیمانییەتی، یەک پارت ناوی کاندیدەکانیان پێشکەشکی کۆمسیۆن کردووە".

جومانە غەلای ئەوەشی خستەڕوو،  ٢٤ کاتژمێر دوای دەنگدان، ئەنجامی بەرایی لەسەر ئاستی پارت و بەربژێرەکان ڕادەگەیێندرێت و لە ماڵپەری کۆمیسیۆن بڵاودەکرێتەوە، دوای ٧٢ کاتژمێریش ئەنجامی بەرایی لەسەر ئاستی وێستگەکان ڕادەگەیێندرێت و لە ماڵپەری کۆمیسیۆن بڵاودەکرێتەوە، هەروەها  دوای ٧ ڕۆژ ئۆفیسەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەبێت وێنە و ڕاپۆرتی خۆیان لەبارەی کارتی دەنگدان بدەن.

ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی ئازاری ٢٠٢٤، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا ڕۆژی (١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤)ـی وەکو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد.  



AM:11:23:31/03/2024